رووداو دیجیتاڵ
تۆمەتبارێک کە کاری گەیاندن بووە، بە بڕی زیاتر لە 40 هەزار دۆلاری ساختەوە لە شاری ناسریەی پارێزگای زیقار دەستگیرکرا. سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت، تۆمەتبارەکە ئەندامی باندێکی هەرێمییە و پلانیان هەبووە لە بەغدا و هەولێر دۆلاری ساختە ساخ بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای زیقار، رۆژی پێنچشەممە 23ـی نیسانی 2026 بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، دوای چاودێرییەکی ورد و بەردەوام، توانییان لە رێگەی بۆسەیەکی تووندوتۆڵەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ناسریە، تۆمەتبارێک دەستگیربکەن.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر بڕی زیاتر لە 40 هەزار دۆلاری ساختەدا گیراوە کە لای تۆمەتبارەکە بووە و بەنیازی بازرگانیکردن و ساخکردنەوەی بووە.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی تۆمەتبارەکە، سەرچاوە ئەمنییەکە گوتی : "ئەو کەسە پیشەی شۆفێری دیلیڤەری بووە، ئەوەشی وەک داپۆشینێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی گومانی لێنەکرێت و بتوانێت بە ئاسانی پارە ساختەکان بگوازێتەوە و دابەشیان بکات."
ئەو سەرچاوەیەی پارێزگای زیقار دەڵێت: "ئەم تۆمەتبارە بە تەنیا نییە، بەڵکو ئەمانە باندێکی هەرێمین و لە دەرەوەی وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێن؛ پلانیان هەبووە لە بەغدا و هەولێر کاری ساختەکاری بکەن."
تۆمەتبارەکە رەوانەی دادگە کراوە تاوەکو رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر بگریتەبەر و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ئەندامانی باندەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ