رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلى بارانبارینى چەند رۆژی رابردوو، ئاستى ئاوى رووبارى دیجلەى مەتر و نیوێک بەرزکردووەتەوە، بەڵام ئەوە نەیتوانى کەمبوونەوەى بەرچاوى ئاوى رووبارەکە بشارێتەوە. بڕى ئاوى رووبارى دیجلە کە لە تورکیاوە دێت کەمتر لە 30%ـى رێژەى پێشووە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق؛ بڕى ئاوی رووباری دیجلە لە 500 مەتر سێجاوە کەمبووەتەوە بۆ 275 مەتر سێجار لە چرکەیەکدا. مەترسیی کەمئاوى لە عێراق برایە کۆبوونەوەى 18/5/2023ـى ئەنجوومەنى ئاسایش.
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، "ئاو یەکێکە لە هەستیارترین قەیرانە ژینگەییەکانی عێراق. پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2035 عێراق تەنیا توانای دابینکردنی 15٪ـی پێداویستیی ئاوی دانیشتووانەکەی هەبێت. 90٪ـی رووبارەکانی عێراق پیسبوون و 7 ملیۆن کەس ئێستا بەدەست کەمبوونی دەستگەیشتنیان بە ئاو دەناڵێنن. ئەمە مەترسییەکی گەورە لەسەر سەقامگیری عێراق دروستدەکات."
بەشێک لە هاووڵاتییان لە بەغدا، سەرەڕاى مەترسیی کەمئاوى، دەستبەردارى بەلەمەکانیان نەبوون. رەشاد سالم، هونەرمەند و چالاکڤان دەڵێت، "هەموو بەلەمەکان بە بزوێنەر کاردەکەن، ئەگەر بەلەمێک بزوێنەر بەکاربهێنێت دابڕانێک لەگەڵ سرووشت دروست دەکات کە وەک چۆن تاکسى رێدەکات، بەڵام لەم بەلەمانەدا پەیوەندییەکى رۆحى و هۆگربوون دروست دەبێت."
خواست لەسەر بەکارهێنانى بەلەمى گەشتیارى وایکردووە دروستکردنى نەوەستێت، بەتایبەت ئەو جۆرانەى کە بەشێکن لە کەلەپوورى عێراق.
زوهێر ریسان، دروستکەرى بەلەمە و باس لەوە دەکات، "گرنگى ئەم بەلەمانە لەوەدایە کە هى سەردەمى سۆمەرییەکانە، ئەمە کەلەپوورى ئێمەیە، وڵاتان دەگەڕێن بەدواى کەلەپووریاندا و هانى دەدەن، ئەى ئێمە بۆ ئەو کەلەپورەمان نەگەڕێنینەوە".
گەشتکردن بە بەلەم لە رووبارى دیجلە بەشێکە لە خەسڵەتەکانى گەشتوگوزار لە بەغدا و ئەو شارانەى دیکە کە رووبارەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ