رووداو دیجیتاڵ
لە بەندەری ئوم قەسری سنووری پارێزگای بەسرە، دەست بەسەر بڕیارێکی زۆر دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و زیاتر لە 15 هەزار مۆبایل، ئایپاد و دوو هەزار بیستۆکدا گیرا.
عەلائەدین قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان دوێنێ چووە بەندەری ئوم قەسر و لە هەڵمەتێکدا بڕێکی زۆر کاڵای نایاسایی دەستی بەسەردا گیرا و چەندین هەوڵی قاچاخچێتی شکستیان پێهێنرا کە بە "مەترسیدارترین و گەورەترین" هەوڵەکانی ئەم دواییە دادەنرێن .
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمان و کەرەستەی پزیشکییدا گیراوە و گوتی، "ئەم کەرەستانە چەندین ساڵە دروستکراون و پێچەوانەی رێنماییەکان لەنێو کۆنتێنەری ئاسندا لە پشت کاڵای بێبایەخەوە شاردرابوونەوە، ئەمەش بە مەبەستی خۆدزینەوە لە باج و گومرگ و دەربازبوون لە پشکنینەکانی وەزارەتی تەندروستی."
بە گوتەی عەلائەدین قەیسی، چەندین کۆنتێنەری پڕ لە ئامێری ئەلیکترۆنی دەستیان بەسەردا گیرا کە زیاتر لە 15000 مۆبایل و ئایپاد و زیاتر لە 2000 بیستۆکی جۆری ئەپڵیان تێدابوو و قاچاخچییەکان هەوڵیان دابوو بە شاردنەوەیان لەنێو کەلوپەلی هەرزانباهادا بێ رێکارە یاساییەکان و پێدانی گومرگ بیانبەنە نێو عێراق.
عەلائەدین قەیسی رایگەیاند، هەر لە هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر کۆنتێنەرێکی فڕۆکەی راهێناندا گیرا کە زیاتر لە پێنج مانگ بوو گەیشتبوو، بەوەش ماوەی یاساییەکەی بەسەرچوو بوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد چەندین ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن، پارچەی یەدەگ، ئۆتۆمبێلی لێکراوە و ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەردا گیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ