بەرپرسێکی سادیقوون: نابێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ، نابێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی و لەسەر بنەمای براوە و دۆڕاو مامەڵەی لەگەڵ بکرێ.
 
ئیسرا نەجم، ئەندامی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقون بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، رۆژی شەممە، 23-5-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن. هیوادارین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبێتە دۆسیەیەک بۆ گوشاری سیاسی."
 
هێشتا روون نییە فەرمانبەران  و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش جەژنی قوربان مووچەی ئەم مانگە وەردەگرن یان نا، لەکاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە.
 
ئیسراء نەجم ئاماژەی بەوەش کرد: "چارەسەرکردنی کێشەکان تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، بەڵکو ئەوە بابەتێکی دوولایەنەیە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەندە بە رادەی پابەندبوونی هەردوولا بە دەستوور و یاساوە."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقون گوتی: "نابێت بنەمای براوە و دۆڕاو هەبێت و پێویستە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی حکومەتەکانی رابردوو چارەسەر بکرێن. سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەم کاتەدا زۆر گرنگە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ دەکرێ".
 
لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە کۆی 23 وەزیر، 14 وەزیری کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دەنگیان لەسەر درا و هەندێکیان رەتکرانەوە و هەندێک دیکەش پێشکێش نەکران. ئیسراء نەجم گوتی: "دوای جەژن، دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی دەدرێ."
 
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا ناوی بەربژێریان بۆ پۆستی وەزیری کار پێشکێش نەکردووە، بەڵام دانوستاندن و گفتوگۆ بەردەوامە و لە کاتی خۆیدا ناوەکە رادەگەیێنین."
 
سەبارەت بە بوونی ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر بەشداریکردنیان لە حکومەت، ئیسرا نەجم گوتی: "هیچ ڤیتۆیەکی ئەمریکامان لەسەر نییە و بەڵگەکەش ئەوەیە کە دەنگ بە عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق درا کە سەر بە بزووتنەوەی سادیقوونە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکێکە لەو پرسانەی تاوتوێی دەکەن