رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون، بەڵام دانوستاندنەکان بەردەوامن و گفتوگۆ هەیە.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کاژێری دووەمی نوڕۆژ، کە سنوور مەجید پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان بکرێت، تەنیا وادەی یەک هەفتە بە یەکێتی و پارتی دەدرێت بۆئەوەی رێککەوتن بکەن، ئەگەرنا دەبێت هاوشێوەی سیناریۆی ساڵی 2018 هەر یەکێکیان بە بەربژێری خۆیەوە بەشداریی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکات و دەنگیان لەسەر بدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەش کرد، رێککەوتن و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا گرنگە بە مەبەستی پاراستنی ماف و بەرکەوتەی هەرێمی کوردستان و "دەبوو لایەنەکان بە یەکگرتوویی بەشدارییان بکردایە، بە نەوەی نوێیشەوە."
لەبارەی بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە پشکی شیعە و ئەوان دەستنیشانی دەکەن، هەرێم کەمال ئاغا ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا چەند ناوێک دەهێندرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، "مستەفا کازمی، محەممەد شیاع سودانی، حەیدەر عەبادی و قاسم ئەعرەجی ناویان وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەهێندرێت"، هەروەها لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بۆچوونێک هەیە لەسەر ئەوەی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکەن کە ببێتە هۆی قووڵترکردنی ناکۆکییەکان و دروستکردنی گرژی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ