حەلبووسی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە پارە خەرجکراوەکانی پارێزگای نەینەوا پێکدەهێنێت

23-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ دەرخستنی راستییەکان و بەدواداچوون لە خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکانی چوار ساڵی پارێزگای نەینەوا دەرکرد و داوا دەکات لە لیژنەکە دەکات لەدوای لێکۆڵینەوە راپۆرتێک پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "ئێمە تێبینیمان لەسەر بڕیارەکە هەیە."
 
بڕیارەکە بەناونیشانی "بڕیاری پەرلەمانیی ژمارە 197ـە" و رۆژی 20ـی ئەم مانگە واژۆکراوە، لە نووسراوەکەدا هاتووە: "بەپێی حوکمەکانی بڕگەی دووەمی مادەی 61ـی دەستوور، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوونی راستییەکان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار محەممەد نوری عەبد رەبە، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئەندامێتی هەریەک لە پەرلەمانتاران مەنسوور مەرعید، یوسف فەرەج عەبدوڵڵا، ئەحلام رەمەزان، تاڵب میعماری." بۆ لێکۆڵینەوە لە قەبارەی ئەو پارانەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا تەرخانکراون و چۆنێتی خەرجکردنیان لە ساڵانی 2019 تاوەکو  2022، لەگەڵ پلانەکانی دابەشکردنیان و رێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکان.
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواشی لە لیژنەکە کردووە دوای تەواوکردنی کارەکانیان، راپۆرتی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز بکەنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023، ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "لیژنەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لەو پارانەی بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای نەینەوا خەرجکراوە، بەڵام ئێمە تێبینمان هەیە، چونکە گونجاو نییە پارتی کە حیزبی یەکەمە و زۆرترین دەنگی لە پارێزگای نەینەوا بەدەستهێناوە هیچ ئەندامێکی لە لیژنەکەدا نییە، ئێمە تێبینی خۆمان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزدەکەینەوە لەوبارەیەوە."
 
کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ، نەجم جبووری، پارێزگای نەینەوا لەبارەی پڕۆژەکان لە پارێزگاکە بە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراقی راگەیاند لە ساڵانی 2020 تاوەکو 2023، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لەو پارێزگایە جێبەجێکراون زیاتر لە هەزار و 500 پڕۆژە بوون لە کۆی هەزار و 925 پڕۆژە کە دەبوو تەواو ببێت.
 
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانیش، خالید عوبەیدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقی لەسەر پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "سەرباری خەرجکردنی شەش تریلیۆن و 128 ملیار دینار عێراقی (زیکەی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار) بۆ پڕۆژەکانی نەینەوا، بەڵام هێشتا شوێنەوارەی پڕۆسە سەربازییەکان و کاولکاری بە مووسڵەوە تەواو روون و دیارە."
 
ئەو پەرلەمانتارە کە پێشتر وەزیری بەرگریی عێراق بوو، گومان لە بەفیڕۆدانی بەشێکی ئەو پارەیە لە گەندەڵی و بۆ بەرپرسانی پارێزگاکە دەکات و داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کردبوو.
 
رۆژی 7ی مانگی رابردوو، رەعد عەباسی، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا لە ماڵەکەی لە شاری موسڵ دەستگیرکرا، رۆژی دووشەممە 19-06-2023، دادگەی تاوانەکانی یەکی نەینەوا، بەتاوانی وەرگرتنی بەرتیل سزای پێنج ساڵ بەندکردن و پێنج ملیۆن پێبژاردنی بۆ رەعد عەباسی، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری پلاندانان دەرکرد.
 
پارێزگای نەینەوا 402 کیلۆمەتر لە بەغدا دوورە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 3 ملیۆن کەسە، یەک لەسەر سێی دانیشتووانی پارێزگاکە کوردن. موسڵ ناوەندی پارێزگاکەیە و قەزاکانی بریتین لە: موسڵ، بەعاج، تەلەعفەر، تلکێف، شنگال، شێخان، حەزەر و مەخموور. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە