سوودانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: گرنگە نەوت لە رێگەی تورکیا هەناردەبکرێتەوە و قاچاخچێتی رابگیرێت

23-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرسوڕمانی خۆی لە هێرشەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و باسی لەوە کردووە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە دارایی و یاساییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. جەختیش لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەکاتەوە.
 
بەپێی نووسینگەی راگەیاندنەکەی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رەوشی گشتیی ناوچەکە کردووە. سەرۆکوەزیران جەختی لە پشتیوانیی عێراق بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە، بەردەوامیدان بە رێککەوتنەکانی ئاگربەست و راگرتنی دەستدرێژییەکان کردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، سوودانی "ئاماژەی بە دەستدرێژییەکانی ئەمدواییانە کردووە کە کراونەتە سەر دامەزراوە گرنگ و نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، سەڵاحەددین و کەرکووک. بەوە وەسفی کردن کە ئابووریی نیشتمانیی عێراقیان کردووەتە ئامانج. جەختیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی هێرشەکان دەکەن."
 
سوودانی "سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە هاوکاتبوونی ئەم هێرشانە لەگەڵ رێککەوتنی بنەماکان لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان، بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە کەرکووک و سەڵاحەددین."
 
هەر لە پەیوەندییەکەدا باسی یاسای حەشدی شەعبی کراوە، تێیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، "خستنەڕووی ئەم یاسایە لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی ئەو رێڕەوی چاکسازیی ئەمنییەدایە کە حکومەت گرتوویەتیەبەر، هەروەها بەشێکە لە کارنامەی حکومەت کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کراوە."
 
سوودانی گوتیشی، "ئەم رێڕەوە پەسندکردنی یاسای هاوشێوەی بۆ دەزگاکانی دیکەی نێو هێزە چەکدارەکانمان گرتووەتەوە، وەکو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمیی عێراقییە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا کار دەکات."
 
سەرۆکوەزیران پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهاتوو و داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی گشتی، لە رێگەی بڕیاری ئەمدوایی ئەنجوومەنی وەزیران و لە چوارچێوەی دەقەکانی یاسای بودجەی کارپێکراو، هەروەها بڕیاری پەیوەندیداری دادگەی فیدراڵی، یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها روونیشیکردەوە، پابەندبوونی نیشتمانی و دەستووریی حکومەت بەرامبەر هاووڵاتییانی عێراق، لە هەنگاوەکانیدا لە هەموو بوارەکاندا رەنگدەداتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر دیدگەی ئابووریی عێراق و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا، راگرتنی هەموو جۆرەکانی بەقاچاخبردن و کارە نایاساییەکان، کە سەرچاوە نەوتییەکان دەکەنە ئامانج.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر لەوبارەوە پێشتر تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لە گرنگیی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کردووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پێدانی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە کرد.
 
پرسێکی دیکە حەشدی شەعبی بووە، مارکۆ روبیۆ "نیگەرانیی قووڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە. جەختی لەوەش کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی نفوزی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە