خەزعەلی: گوشاری دەرەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ئاستێکی 'زۆر مەترسیدار'

23-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ، ئەو گوشارە دەرەکییانەی دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی هەن، گەیشتوونەتە ئاستێکی "زۆر مەترسیدار."
 
شەوی رابردوو قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە گوتارێکدا گوتی، "بابەتی یاسای حەشدی شەعبی لە پرسێکی نێوخۆییەوە بووەتە بابەتێکی نێودەوڵەتی. وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بە ئاشکرا لە رێگەی میدیاکانەوە باسی حەشدی شەعبی و پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی یان تێکەڵکردنی دەکەن."
 
ستیڤن فەیگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەگەڵ بەشێکی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەتەوە و نیگەرانییەکانی واشنتنی لەو بارەوە پێگەیاندوون.
 
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەپرسێت، "ئامانج لەو مشتومڕەی ئێستا لە ئارادایە چییە؟ ئایا دەرکردنی یاساکەیە یان ئامانجی سەرەکی، هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنی حەشدە؟"
 
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ـی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کردووە و تەنیا دەنگدانی ماوە.
 
لەو پڕۆژەیاسایەدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. سەرۆکی دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە سیاسەتی کارکردنی دەستەکە و چاودێریی چالاکییەکانی دەکات.
 
خەزعەلی سەرکۆنەی لێدوانی یەکێک لە باڵیۆزەکانی کرد کە گوتبووی، حەشد بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا، لەبەرئەوەی "داعش کۆتایی هاتووە و لاواز بووە،" ئیدی پێویست بە مانەوەی ناکات؛ ئەو لێدوانەیشی بە "بێڕێزی" ناوبرد.
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی، ئەو باڵیۆزە هەڕەشەکانی دیکەی سەر عێراق لەبەرچاو ناگرێ، لەوانەش رووداوەکانی ناوچەکە، سووریا یان پڕۆژەی ئیسرائیل کە ئامانجی "دابەشکردنەوەیەکی نوێیە."
 
خەزعەلی گوتی، ئەو بابەتە نیگەرانی لای هەندێک وڵات دروستکردووە، سەرەڕای ئەوەی حەشد هیچ کێشە و هەڕەشەیەکی بۆ ئەوان دروست نەکردووە و گوتیشی: "پێداگریی ئەوان لەسەر هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی حەشد ئەوە ئاشکرا دەکات کە پیلانگێڕییەک بۆ لێدان لە عێراق لە ئارادایە و پڕۆژەیەک هەیە کە بە بوونی حەشدی شەعبی نایەتە دی."
 
حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێندرا و بودجەکە بۆ ساڵی 2024 چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو. بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە