رووداو - بەغدا
بەرپرسی کاتیی کاروباری باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە دیمەشق رایگەیاند، ئەمشەو شاندێکی حکومەتی سووریا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات.
یاسین شەریف حجێمی، بەرپرسی کاتیی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق رۆژی شەممە، 23ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، شاندە سوورییەکە بە سەرۆکایەتیی مونیر مستەفا، یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتنی ئەو وڵاتە دەبێت.
بەرپرسە عێراقییەکە روونیکردەوە، ئامانجی سەردانەکە "سوپاسکردنی حکومەتی عێراقە لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی عێراق لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ناوچەی کەناراوەکانی سووریا داویانە، هەروەها گەیاندنی سڵاوی حکومەتی سووریایە بۆ هاوتا عێراقییەکەی."
کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ شەمەری
سەبارەت بە کارنامەی سەردانی شاندە سوورییەکە کە "سێ رۆژ دەخایێنێت،" بە گوتەی حجێمی، چەند کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەخۆدەگرێت لەنێوان یاریدەدەری وەزیری فریاکەوتنی سووریا و هەریەک لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و سمکۆ نازم ئەمین، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری ئاسایشی فیدراڵی.
هەروەها بڕیارە شاندە سوورییەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بکات، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە شارەزایی و ئەزموونی عێراق لە بواری ئاگرکوژاندنەوەدا، هەروەها بینینی ئەو ئامێر و کەرەستە و ئۆتۆمبێلانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا بەکاردەهێنرێن. لەسەر ئەو بنەمایەش، گفتوگۆ لەبارەی رێگاکانی هاریکاریی دوولایەنە دەکرێت بۆ پلانی داهاتوو لە بوارە پەیوەندیدارەکاندا.
لەبارەی قەبارەی ئەو پشتیوانییەی عێراق لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا پێشکێشی سووریای کردووە، بەرپرسی کاتیی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی بە 22 تانکەری ئاوکوژێنەوەی نوێی مۆدێل 2025، 20 ئۆتۆمبێلی پیکابی سەر بە پۆلیسی فیدراڵی و 100 ئەفسەر و کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بەشداری کردووە.
ئاگرکەوتنەوەکانی کەناراوەکانی سووریا
نێوەڕاستی مانگی تەممووزی رابردوو، عێراق 20 تیمی ئاگرکوژێنەوەی رەوانەی سووریا کرد بۆ بەشداریکردن لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی ئەو کاتە لە دارستانەکانی پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە کەوتبووەوە.
ئەوکات نەواس سەباح شاکر، رێکخەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، ئەو تیمانە لە پارێزگای ئەنبارەوە رەوانەی سووریا کراون.
لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، پارێزگای لازقیە رووبەڕووی زنجیرەیەک ئاگری بەرفراوان بووەوە کە دارستان و لەوەڕگاکانی چەندین ناوچەی جیاوازی گرتەوە، دیارترینیان کەسەب، چیای کوردان و حەففە بوو. ئاگرەکان زیانێکی گەورەیان بە ناوچەکە گەیاند.
رۆژی 17ی ئابی ئەمساڵ، رائد ساڵح، وەزیری فریاکەوتنی سووریا، کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی لە گوندەوارەکانی لازقیە و حەمای رۆژئاوا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ