بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی لیستەکەی یەکێتی لە نەینەوا هەڵوەشایەوە

23-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دوورخستنەوەی هەریەک دڵدار زێباری لە نەینەوا و عەمید نەشئەت لە پارێزگای کەرکووک وەک بەربژێرانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشایەوە. 
 
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی (کەرکووک- حەمرین)ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رۆژی دووشەممە، 23-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەمید نەشئەت شاهوێز، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە بیانووی ئەوەی پێش 2003 ئەفسەر بووە، بە بڕیاری دەستەی باڵای لێرسینەوە و دادپەروەریی عێراق لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرایەوە، دواتر لە دادگە تانەی لە بڕیارەکە دا و دوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە، بڕیاری دوورخستنەوەکەی هەڵوەشێندرایەوە، بەمەش شێوەیە وەک بەربژێرێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەردەوام دەبێت. 
 
عەلی قەڵایی، گوتی: "عەمید نەشئەت، پێشتر بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی هەبووە کە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی نایگیرێتەوە".
 
جگە لە عەمید نەشئەت، دڵدار زێباری، سەرۆکی لیستی یەکێتیی لە پارێزگای نەینەواش دوورخرابووەوە. عەلی قەڵایی گوتی: "دڵدار زێباری تانەی لە بڕیارەکە دا و بڕیاری دوورخستنەوەکەی هەڵوەشێندرایەوە و دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن دەکات".  
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بە هاوپەیمانی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا ژمارە 134 بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات ، دڵدار عەبدوڵڵا زێباری، سەرۆکی لیستەکەیە.
 
ئاراس محەممەد ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە نەینەوا رۆژی دووشەممە 23-10-2023 بە (رووداو)ی گوت: "بەڕێز دڵدار زێباری بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی هەیە کە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی نایگیرێتەوە، بۆیە ئێستا وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی یەکێتی خەڵکی نەینەوایە و لە کارەکانیدا بەردەوامە". 
 
دڵدار زێباری لە سەردەمی رژێمی بەعس تاوەکو ساڵی 2003 لە موسڵ بوو، ماوەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بوو، بەڵام دواتر دوورخرایەوە. 
 
دڵدار زێباری، سەرۆکی گردبوونەوەی بنیادنان و داد بوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ، لە 27-12-2015  بە پاساوی ئەوەی زیاتر لە سێ مانگ ئامادەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە نەبووە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوورخرایەوە. 
 
بڕیارە لە 18ـی کانوونى یەکەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت و 6022 کەس خۆیان بەربژێر کردووە؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدان.
 
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە