دانپێدانانی بکوژانی سەفا مەشهەدانی؛ 'پەیوەندی بە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە هەیە'

23-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای دەستگیرکردنی 5 تۆمەتبار، ئەمڕۆ دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ دانپێدانانی دوو لەو تۆمەتبارانەی بە تێوەگلانی راستەوخۆی لە کوشتنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، راگەیاند.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە زاری دادوەری تایبەتمەندی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغدا رایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە دوو تۆمەتبار بەشدارییان لە تاوانەکەدا کردووەو دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا ناوە، کە رۆڵی سەرەکییان لە جێبەجێکردنی رووداوەکەدا هەبووە و ئەوەش لە رێگەی بەڵگەی تەکنیکی و شیکردنەوەی تۆماری کامێراکانی چاودێرییەوە سەلمێندراوە."
 
ئەو دادوەرە روونی کردووەتەوە، "لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە رووداوەکە تاوانکارییە و پەیوەندی بە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە هەیە لەنێوان خەڵکی یەک ناوچەدا، هەروەها رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر تۆمەتباران بەپێی یاسا گیراوەتەبەر."
 
چوارشەممەی رابردوو 15-10-2025 سەفا مەشهەدانی، بەربژێر لە هاوپەیمانی سەروەری لە ناوچەی تارمییەی بەغدا بەهۆی لکاندنی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا، چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
 
هەر دوێنێ، قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی بەشی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆ و بە هاوکاری ئاسایشی حەشدی شەعبی توانرا پێنج کەس دەستگیربکرێن ، تۆمەتبارن و تێوەگلاون لە دۆسیەی کوشتنی سەفا مەشهەدانی."
 
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرای کرد، "ئەو 5 کەسە ئەندامی حەشدی عەشایەرین و دانیشتووی تارمییەن، لەلایەن ئاسایشی حەشدی شەعبییەوە دەستگیر کران و رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراون."
 
سەفا مەشهەدانی جگە لەوەی بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بوو، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە