گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی بەغدا - ئەسینا دەستپێدەکاتەوە

23-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 25 ساڵ دابڕان، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان بەغدا و ئەسینا دەستپێدەکاتەوە و یەکەم گەشت لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو دەبێت.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی یۆنان داواکاریی بۆ دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان ئەسینا و بەغدا پێشکێش کردووە."
 
بە گوتەی مەیسەم سافی، چاوەڕوان دەکرێت یەکەم گەشتی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (Aegean Airlines)ی یۆنانی، لە ماوەی 2 بۆ 3 هەفتەی داهاتوودا بکرێت.
 
هاوکات کۆمپانیای ئیجیەن ئێرلاینز (Aegean Airlines)، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە باشووری ئەورووپا، بە فەرمی دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیتی گەشتەکانی لە ئەسیناوە بۆ بەغدا راگەیاند، یەکەم گەشتیشی لە رۆژی 16ی مانگی داهاتوو (کانوونی یەکەم) دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، گەشتەکان راستەوخۆ و بێ ترانزێت لەنێوان ئەسینا و بەغدا دەبن، نرخی تکتەکانیش بەم شێوەیە دەبن:
 
- پلەی ئیکۆنۆمی (گەشتیاری): 113.99 یۆرۆ
- پلەی بزنس (بازرگانی): 214.99 یۆرۆ
 
ئەم گەشتانە لە کاتێکدا دەستپێدەکەنەوە کە پێشتر زۆرینەی گەشتیاران ناچار بوون بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، لە رێگەی ئەستەنبووڵ، عەمان یان دۆحەوە گەشت بکەن.
 
رۆژی 30-10-2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و یۆرگۆس گراپێتریتیس، هاوتا یۆنانییەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە بەغدا رایانگەیاندبوو، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان عێراق و یۆنان لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتووەوە دەستپێدەکاتەوە.
 
پێشتر و لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 23-02-2025، گەشتی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەسینا دەستیپێکرد و ئێستا هەفتانە دوو گەشت دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە