رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، وەستاندنی تەواوەتیی هەناردەکردنی غازی ئێرانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، چەند رێکارێکی جێگرەوەیان گرتووەتەبەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان، تاوەکو ئەو کاتەی هەناردەکردنەکە دەستپێدەکاتەوە.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی سێشەممە، 23-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گازی هەناردەکراوی ئێران بە تەواوی راگیراوە، بەوهۆیەوە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بڕی 4,000 بۆ 4,500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە؛ ئەمەش بەهۆی لەکارکەوتنی هەندێک یەکەی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی توانای یەکەکانی دیکە لە وێستگەکانی کارەبادا، کە راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان."
بە گوتەی ئەحمەد مووسا، ئێران وەزارەتی کارەبای ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی "بارودۆخێکی لەناکاو"ـەوە هەناردەکردنی گازیان راگرتووە. گوتی "ئێمە نازانین بەتەواوی هۆکارەکە چییە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "وەزارەتەکەمان بە هاوئەهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت، سووتەمەنیی جێگرەوەی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات تاوەکو ئەو کاتەی هەناردەکردنی گازی ئێران دەستپێدەکاتەوە." دەشڵێت، "ناتوانین بۆ هەمیشە پشت بەمە ببەستین."
ئەحمەد مووسا گوتی، "ئێران پێشتر 5٪ گازی هەناردەی عێراق دەکرد و بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق گەیشتبووە 22 هەزار مێگاوات، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی نێوخۆیی 17 هەزار مێگاواتە."
راشیگەیاند، "بەرهەمهێنانی کارەبا لەژێر کۆنترۆڵ دایە و وێستگەکان بەردەوامن لە کارکردن، بەڵام بەهۆی کەمیی گازەوە، کاری هەندێک لە وێستگەکان تێکچووە؛ وێستگەی شەتی بەسڕە بەتەواوی لەکارکەوتووە، وێستگەی مەنسوور لە دیالە وەستاوە و هەندێک یەکەی بەرهەمهێنانیش لە وێستگەکانی پارێزگاکانی باشوور لەکارکەوتوون."
حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەشێک لە کارەباکەی پشتی بە هاوردەکردنی گازی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ