رووداو دیجیتاڵ
شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە بۆردوومانێکى ئاسمانى لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین، پێنج چەکدارى رێکخراوى داعش کوژران؛ هەر لە هەمان پارێزگادا پێنج ئەندامى دیکەى ئەو رێکخراوە دەستگیرکران.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق، لە بۆردوومانێکى فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى عێراق لە ناوچەى وادى عوزێم لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین پێنج چەکدارى رێکخراوى داعش کوژراون.
وادى عوزێم 48 کیلۆمەتر لە باشوورى قەزاى خورماتوو دوورە و دەکەوێتە رۆژئاواى ناحیەى قەرەتەپەى سەر بە قەزاى خانەقین.
لە راگەیێندراوێکى دیکەدا، شانەى راگەیاندنى ئەمنى، دەستگیرکردنى پێنج ئەندامى دیکەى داعشی بڵاوکردەوە لەلایەن ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ لە سنوورى سەلاحەدین، کە بەگوێرەى مادەى چوارى یاساى بنبڕکردنى تیرۆر داواکرابوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکان رۆڵیان هەبووە لە کۆچپێکردنى هاووڵاتییان و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانیان و دەستگرتن بەسەر خانووى هاووڵاتییاندا.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، یەکێک لەو پێنج داعشەی دەستگیرکراون، بەشداربووە لە بۆمبڕێژکردنى ئۆتۆمبێل و یەکێکى دیکەیان چەکى لە فڕۆکەخانەى موسڵ بردووە، ئەو کاتەى رێکخراوى داعش لە ساڵى 2014 ئەو شارەى کۆنتڕۆڵکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ