لەتیف رەشید بۆ باڵیۆزی ئەمریکا: بەغدا و هەولێر دەخوازن پرسی بودجە و مووچە یەکلایی بکەنەوە

24-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد. سەرۆککۆمار دەڵێت، "بەغدا و هەولێر دەخوازن پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکەنەوە."
 
رۆژی یەکشەممە 24ی ئاداری 2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، سەرۆککۆمار دووپاتی لە گرنگیی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، بەپێی دەستوور و یاسا و لێکتێگەیشتنی سیاسی کردەوە.
 
سەرۆککۆمار رایگەیاند، هەردوولا دەخوازن بەردەوامی بە گفتوگۆکانیان بدەن بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتی بودجە و خەرجکردنی شایستەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق بێت.
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن، سەرۆککۆمار دووپاتیکردەوە، سوورن لەسەر بنیادنانی پەیوەندییەکان و تووندوتۆڵکردنی، بەشێوەیەک کە خزمەتی هەردوو وڵات بکات و رێز لە سەروەریی نیشتمانی بگرێت و هاوکاریی هاوبەش بەهێز بکات لە بوارە جیاوازەکاندا.
 
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار باسی لە دۆسیەی ئەو گیراوانە کرد، کە ماوەی زیندانیان تەواو بووە و ئازاد نەکراون و گوتی لیژنەیەک پێکهێندراوە لە سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و راوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی، کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سزادراوان و وادەی کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکانیان دەکەن، تاوەکو گەرەنتیی ئەوە بکرێت لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا ئازاد بکرێن.
 
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پەرەپێبدات و هاوکارییەکان بەهێز بکەن، بەشێوەیەک خزمەتی هەردوو گەلی دۆست بکات.
 
هاوکات دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی باسکرا و دووپات لە پشتیوانی سەپاندنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا کرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە