رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، تائێستا تەنیا یەک هاووڵاتیی عێراقی لە سوودان کوژراوە. داواش لە رەوەندی عێراقی دەکات دەستبەجێ لە رێگەی ئەو ژمارانەی باڵیۆزخانەی عێراق بڵاویکردوونەتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی دووشەممە 24-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، هاووڵاتییەکی عێراقی کوژراوە.
رۆژی یەکشەممە 23-04-2023 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، 14 هاووڵاتیی عێراقییان لە خەرتوومی پایتەختی سوودانەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچەی بووری سوودان کە ئەوێ ئارامترە، بۆئەوەی لەوێوە بیانگەڕێننەوە. هاوکات داوای لە رەوەندی عێراقی کرد دەستبەجێ لە رێگەی ئەو ژمارانەی باڵیۆزخانەی عێراق بڵاویکردوونەتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق.
لە 15ی ئەم مانگەدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ دەستیپێکرد.
شەڕەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و تەندروستیی جیهانی دەڵێت، زیاتر لە 420 کەس کوژراون و زیاتر لە 3700 کەسی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ