رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک تەرخان کرد کە زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی ئەبو ئالا وەلائی، سەرکردەی گروپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پێبدات. واشنتن ئەم گرووپە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەناسێنێت.
پڕۆگرامی خەڵات و دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڕیارەکەی بڵاویکردەوە، دەڵێت: زانیارییان لەسەر "هاشم فینان رەحیم سەراجی"، ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی پێویستە و بەدوایدا دەگەڕێن.
واشنتن کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای تۆمەتبار کردووە بەوەی "هاووڵاتییانی مەدەنیی عێراقییان کوشتووە و هێرشیان کردوەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، هەر کەسێک زانیاریی ورد بدات، دەکرێت خەڵاتە داراییەکەی پێبدرێت و ئەگەری "گواستنەوەی بۆ شوێنێکی سەلامەت"ـیشی هەیە.
ئەبو ئالا وەلائی ئەندامە لە ناو "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"، کە هاوپەیمانێتییەکی شیعەی فەرمانڕەوایە و زۆرینەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستەوەیە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای 28ی شوبات و دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، رووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە. گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی تاران لەو ماوەیەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و کێڵگە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج.
ئەمە دووەم خەڵاتی لەو شێوەیەیە کە واشنتن لەم مانگەدا رایبگەیێنێت. رۆژی 14ـی نیسانی 2026، پڕۆگرامی خەڵات و دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "تاوەکو 10 ملیۆن دۆلار بەرامبەر دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەحمەد حمێداوی دەدەین".
ئەحمەد موحسین فەرەج حمێداوی بە ئەبو حوسێن حمێداوی ناسراوە و لە ساڵی 1971 لەدایکبووە. حمێداوی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە. ئەمریکا لە 26ـی شوباتی 2020 خستییە "لیستی تیرۆرەوە".
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "حمێداوی سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە کە گرووپێکی تیرۆریستیی هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق و بەرپرسە لە هێرشکردنەسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمریکی و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی بێتاوانی عێراقی".
هاوکات لەگەڵ ئەم خەڵاتە داراییانە، واشنتن گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر حکومەتی بەغدا زیاد کردوە تاوەکو رێگری لەو گرووپانە بکات. بەپێی میدیای ئەمریکا، واشنتن رەوانەکردنی پارەی کاشی بۆ عێراق راگرتووە و بودجەی بەرنامە ئەمنییەکانیشی لەو وڵاتە سڕ کردوە، ئەوەش وەک کارتی گوشار بۆ سەر سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق.
ئەبو ئالا وەلائی کێیە؟
ناوی تەواوی هاشم فینان رەحیم سەراجییە و بە "ئەبو ئالا وەلائی" ناسراوە. سکرتێری گشتیی گرووپی "کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا"یە، کە گوروپێکی چەکداری شیعەی عێراقە و لە ساڵی 2013 دامەزراوە.
وەلائی بە یەکێک لە نزیکترین کەسایەتییە عێراقییەکان لە تاران و سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت. ئەو بە ئاشکرا شانازی بەوە دەکات کە شوێنکەوتەی رێبەری باڵای ئێرانە و گرووپەکەشی وەک بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" لە ناوچەکەدا کار دەکات.
چالاکییە سەربازییەکان:
لە سووریا: گرووپەکەی وەلائی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە شەڕی ناوخۆی سووریادا بۆ پشتیوانیکردن لە رژێمەکەی بەشار ئەسەد.
لە عێراق: گرووپەکەی بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی، بەڵام واشنتن تۆمەتباریان دەکات بەوەی لە دەرەوەی فەرمانی دەوڵەت کار دەکەن و هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
رووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەمریکا:
وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی ئەمریکا، ئەبو ئالا وەلائی و گرووپەکەشیان وەک "تیرۆریستی جیهانی" پۆلێن کردووە.
واشنتن وەلائی تۆمەتبار دەکات بەوەی رۆڵی سەرەکی هەبووە لە رێکخستنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوووریا.
پێگەی سیاسی لە عێراق:
سەرەڕای ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە داواکراوە، بەڵام ئەبو ئالا وەلائی وەک کەسایەتییەکی سیاسیی کاریگەر لە ناو "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" دەبینرێت. ئەمەش وایکردوە حکومەتی عێراق لەژێر گوشارێکی زۆری واشنتندا بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە سەرکردانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ