رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی کات بە کاسکێتێکەوە لە بۆنە و کۆبوونەوەکان دەردەکەوێت، بەپێچەوانەی چەکدارانی گرووپەکە بەبێ دەمامک و رووپۆش دەبینرێت؛ یەکێکە لەو 12 بەرپرسەی شیعەکان کە بڕیار لەسەر شێوازی حکومەت و ئەو پرسانە دەدات کە پەیوەندیدارن بەو پێکهاتەیەوە. ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق، لەمەودوا دەبێتە ئامانجێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەمریکییەکان.
هاشم فەنیان رەحیم دەراجی، ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی، لە 24ی نیسانەوە ناوی خرایە نێو لیستی داواکراوانی ئەمریکا، خەڵاتی ئاشکراکردنی شوێنەکەشی 10 ملیۆن دۆلارە.
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریکادا، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق بە رووداوی گوت، "چاوەڕوانکراوبوو.. ئەمریکا دەستدرێژکارى سەر سەروەری و کۆمەڵگەی عێراقی و موقاوەمەیە".
ئەبو ئالای 66 ساڵان، 12 ساڵی تەمەنی لە سەرکردایەتیی یەکێک لەو گرووپانە بەڕێکردووە کە وابەستەی ئێرانن و بەشێکن لە گرووپی موقاوەمە و واشنتن بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی وڵاتەکەی تۆمەتباریان دەکات.
ئەوە یەکەم جار نییە، ئەو سەرکردە شیعەیە دەبێتە ئامانجی ئەمریکا، لە ساڵی 2023 خۆی و گرووپەکەشی خرانە نێو لیستی تیرۆری ئەو وڵاتەوە.
ئەبو ئالا لێدوانی کەم و جووڵەی زۆرە لە نێو هێزە شیعەکاندا، دیارترین دەرکەوتنی هەفتانەی لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، بەوپێیەی یەکێک لە 12 سەرکردە سەرەکییەکەی ئەو هاوپەیمانێتییەیە.
لە 2013وە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ پاراستنی مەزارگەی شیعەکان لە دژی داعش دامەزراوە، بەرگری لەو مەزارگانە و جەنگان لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی هێرش و چالاکییەکانى.
لەدوای ساڵێک لە دامەزراندنی ئەو گرووپە، ئەبو ئالا وەلائی جێگەی ئەبو مستەفا عیتابی گرتەوە وەک ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا.
ئەو گرووپە لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی جیابووەتەوە؛ لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەغدا لە ساڵی 2020، ئەستێرەی پەیوەندیی ئەبو ئالا لەگەڵ ئێرانییەکان گەشایەوە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023، ئەمریکییەکان گرووپەکەی ئەبو ئالا بە یەکێک لەو هێزانە دەزانن کە لە کاردانەوەى ئەو جەنگەدا هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.
ئەبو ئالا وەلائی، دەستێکی بە چەکی گرووپەکەی و پێیەکی لەنێو سیاسەتدایە، بەبێ ئەوەی ئەو جلوبەرگانە لابدات کە ئاماژەن بۆ نزیکی لە کارە سەربازییەکەی لە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەشداریی کرد کە نووری مالیکی سەرۆکایەتى دەکات، ئەو گرووپە چوار ئەندامی لە پەرلەمان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ