عێراق
لەسەر نەخشە ئەوە روونکراوەتەوە کە هێڵی شەمەندەفەری عێراق لە بەسرەوە دەستپێدەکات، بە دهۆکدا تێپەڕ دەبێت و دەچێتە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
هێڵى ئاسنینى نێوان عێراق و تورکیا کە 2028 تەواو دەبێت، لە شارى فاو دەستپێدەکات و لە پێشخابوورەوە دەچێتە تورکیا و بە نۆ پارێزگاى عێراق و پارێزگایەکى هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت.
رۆژی 24ـى ئایارى 2023، یونس خالید، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وێستگەى دەستپێکى هێڵى ئاسنینى نێوان عێراق و تورکیا لە شارى فاو دەبێت لە باشوورى عێراق و لە رێگەى پێشخابوورەوە دەچێتە سنوورى هەرێمى کوردستان، بەر لەوەى بچێتە سنوورى تورکیاوە.
ئەو هێڵى شەمەندەفەرە نەخشە بنەڕەتییەکەى تەواو کراوە و لەلایەن 15 کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت کە درێژییەکەى 1200 کیلۆمەترە.
بەگوتەى بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین لە عێراق، هێڵى شەمەندەفەرەکە بە نۆ پارێزگاى عێراق و پارێزگایەکى هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت، لە دواى شارى فاو و بە تێپەڕبوون بە شارى بەسرە، بەرەو باکوور دەڕوات و دەچێتە سنوورى شارى ناسریەى ناوەندى پارێزگاى زیقار و دواتر بە شارەکانى دیکەى سەماوە، ناوەندى پارێزگاى موسەننا، دیوانییە، نەجەف، کەربەلا و بەغدا تێپەڕ دەبێت.
دواى بەغدا هێڵەکە بە هەردوو قەزاى سامەڕا و بێجى لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین تێپەڕ دەبێت بەر لەوەى بگاتە سنوورى شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا، لەوێوە درێژدەبێتەوە بۆ ناحیەى رەبیعە لەسەر سنوورى سووریا و ئینجا بۆ ناوچەى پێشخابوور بەر لەوەى بچێتە تورکیاوە.
یونس خالید گوتى: "لە رێگەى پێشخابووەوە هێڵى شەمەندەفەرەکە دەچێتە سنوورى هەرێمى کوردستان و بە پارێزگاى دهۆکدا تێدەپەڕێت."
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلار دەبێت، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت، کە دوو هیڵى هاتن و چوون دەبێت و ساڵى 2028 تەواو دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین لە عێراق رایگەیاند، لە هەندێک پارێزگادا هێڵى ئاسنینەکە لە رێگەى پردەوە بەسەر رووبارەکاندا دەڕوات.
بەگوتەى بەرپرسانى کۆمپانیاى هێڵى ئاسنین لە عێراق؛ لەدواى کەوتنە کارى ئەو شەمەندەفەرە، ساڵانە چوار ملیار دۆلار داهاتى دەبێت لە رێگەی گومرگ و کرێی گواستنەوەی کاڵاوە، ئەوە جگە لە 750 ملیۆن دۆلارى دیکەى لە رێگەى گواستنەوەى هاووڵاتییانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ