کوردانی خورماتوو؛ 8 ساڵە چاوەڕێی چۆڵکردنی گوندێکیانن لەلایەن سوپای عێراقەوە

24-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی هەشت ساڵە سوپای عێراق بارەگای لەنێو گوندێکی کوردنشین لە قەزای خوورماتوو داناوە و ئامادە نییە چۆڵی بکات؛ بازگەیەکیش گرفتی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دروستکردووە. 
 
کەریم شوکر، نوێنەری قەزای خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بازگەی خورماتوو- داودە ناسراو بە سەیتەرەی چینکۆکە، کێشە و گرفتی زۆر بۆ دانیشتوانی کوردی ناوچەکە دروستدەکرێت و رێگە نادەن هیچ کاڵایێک لە سنووری ناوچەکەیان لە خورماتووەوە بۆ ناوچەکانی نەوجول و قادر کەرەم بگوازنەوە، ئەوەش دانیشتوانی ناوچەکەی بێزار و نیگەران کردووە.
 
کەریم شوکر، کە هاوکات لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە خوورماتوو دەڵێت، زۆرجار جووتیارانی ناوچەکە یان مەڕدارەکان دەیانەوێت دوو بۆ سێ سەر ئاژەڵ، یان بەرهەمەکانیان بگوازنەوە بۆ قەدر کەرەم و نەوجول و بەپێچەوانە، بەڵام لەلایەن ئەو بازگەوە رێگرییان لێدەکرێت.
 
لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، ژمارەیەکی زۆر کوردی قەزای خورماتوو ئاوارە بوون، لەوانە دانیشتووانی گوندی خدر وەلی کە 280 ماڵن. ئەو هاونیشتمانییانە گوندەکەیان بەتەواوی چۆڵکرد و تاوەکو ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە.
 
کەریم شوکر دەڵێت: "دوای رووداوکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای فەوجێکی سوپای عێراق لە گوندی خدر وەلی دروستکرا. ئەمە گرفتی بۆ دانیشتووانەکەی دروستکردووە و بەو هۆیەوە ناتوانن بگەڕێنەوە".
 
رۆژی حەوتی ئەم مانگە، کەریم شوکر لەگەڵ فەریق قاسم محەممەد ساڵح محەممەدی، فەرماندەی هێزی وشکانی عێراق و جێگر و ژمارەیەک ئەفسەری باڵا لەسەر ئەو بابەتە کۆبووەوە. کەریم شوکر دەڵێت، فەرماندەی هێزی وشکانیی عێراق بەڵێنی دا کێشەی بازگەکە چارەسەر بکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، لە بابەتی گوندەکە لێکۆڵینەوە دەکەن و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدەن.
 
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە