رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، بە "درۆنى بۆمبڕێژکراو" هێرش کراوەتە سەر دوو بنکەى سەربازى لە بەغدا و زیقار، هەروەها شکست بە چوار هێرشی دیکە هێندراوە بۆسەر چەند بنکەیەکى جیاواز، بە فەرمانى سوودانی-یش لیژنەى لێکۆڵینەوە بۆ زانینى سەرچاوەى ھێرشەکان پێکهێندراوە.
سێشەممە 24ى حوزەیرانى 2025 سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى دوو هێرشی بڵاوکردەوە، کە کراوەتە سەر دوو بنکەى سەربازى لە عێراق.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کاژێر 02:15 تاوەکو 03:45ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمەڵێک درۆنى بۆمبڕێژکراوی بچووک، ژمارەیەک بنکە و بارەگاى سەربازیى عێراقیان کردووەتە ئامانج.
سەباح نوعمان دەڵێت، "بەهۆی هێرشەکەوە زیانێکی زۆر بە دوو سیستمی رادار لە سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا و بنکەی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار گەیشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت."
ئەو دوو هێرشە دواى چەند کاژێرێک بوو لە هێرشى مووشەکیى ئێران بۆ سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، کە بنکەى هێزەکانى ئەمریکایە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، هێزە عێراقییەکان توانیویانە رووبەڕووی هەوڵى دیکەی هێرشکردنە سەر چوار بنکە ببنەوە، کە لە چەند شوێنێکى جیاواز بوون و چەند درۆنێکیان خستە خوارەوە، کە ویستوویانە ئەو بنکانە بکەنە ئامانج.
سەباح نوعمان رایگەیاند، "هەموو ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج، بنکەی سەربازیی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن و لەلایەن ئەفسەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە دوای ئەو هێرشانە، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی باڵای تەکنیکی و هەواڵگری پێکدەهێندرێت، کە نوێنەری سەرجەم دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانى تێدایە، بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی هێرشەکان و ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لەپشتیەوەن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەڵێت، "ئەم کردەوە تاوانکاری و ناڕەوایانە بێ سزا تێناپەڕن."
بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە 24ى حوزەیرانى 2025 سەعد میعەن، سەرۆکى شانەى راگەیاندنى عێراق لە تۆمارێکى دەنگیدا کە بۆ رۆژنامەنووسانى ناردووە، دەڵێت، "درۆنێکى نەناسراو سیستمى چاودێریى سەربازگەى تاجى-ی بۆردوومان کردووە، درۆنێکى دیکە لەنزیک موەلیدەیەکى کارەبا کەوتووەتە خوارەوە، هەردوو هێرشەکەش زیانى گیانییان نەبووە."
هەروەها میدیاى فەرمیى عێراق لەسەر زارى فەریق روکن وەلید تەمیمى، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا بڵاویکردەوە، درۆنێکى نەناسراو یەکێک لە پێگەکانى سەربازگەى تاجى کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەى زیانى گیانى هەبێت.
سەربازگەى تاجى دەکەوێتە سنوورى بەغداى پایتەخت و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە، سەر بە سوپاى عێراقە و فڕگەى تێدایە.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ دەنگى ھێرشکردنە سەر چەند پێگەیەکى دیکە هەبوو، لەوانە بنکەى بەلەد لە پارێزگاى سەلاحەدین، بەڵام سەرچاوەیەکى ئەمنیى ئەو پارێزگایە بە رووداوى گوت، "هێرش بۆ سەر سەربازگەى بەلەد رووینەداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ