وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سووتاندنی قورئانی پیرۆز هەڕەشە لە پێکەوەژیانی کۆمەڵگەکان دەکات

24-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک دەکات و بە "هەڕەشە بۆ سەر پێکەوە ژیانی کۆمەڵگەکان" ناوی دەبات. 
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی دووبارە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک دەکەین" و رایگەیاند، "ئەم کردارانە رێگە بە ڤایرۆسی توندئاژۆیی و رق و کینە دەدەن کە هەڕەشەیەکی راستەقینە بخەنە بەردەم پێکەوەژیانی کۆمەڵگەکان."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023، ئەندامانی گروپێکی تووندئاژۆ لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن لە لایڤێکی فەیسبووکدا کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان سووتاند.
 
دوای رووداوەکەش، لارس لۆک راسمودێن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، قسەی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، هەرچەندە سووتاندنی قورئان لە دانیمارک ناچێتە چوارچێوەی "تاوان"، بەڵام کارەکەی بە "گەمژەیی" ناوبرد و گوتی: "کارێکی ئابڕووبەرانەیە بێڕێزی بە ئاینی کەسانی دیکە بکرێت."
 
ئەوە دووەم جارە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەو گرووپە پەرگیڕە دانیمارکییە قورئان دەسووتێنن. رۆژی هەینی، 21-7-2023، لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگن بە گوتنەوەی دروشمی دژی ئیسلام کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراقیان سووتاند. وەک گرووپەکە خۆیان دەڵێن، "دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق"، قورئانی پیرۆزیان سووتاندووە.
 
لە کاردانەوەی ئەوەشدا بەرەبەیانی شەممە، 22-07-2023، دەیان هاووڵاتیی عێراقی، کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "تیمی دیپلۆماسی نێردەی دانیمارک، دوو رۆژە عێراقی بەجێهێشتووە".
 
رۆژی پێنجشەممە 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت کردەوە و داواشی لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد، عێراق جێبهێڵێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە