عێراق
ناحیەکانی سەر بە قەزاکە کە بریتین لە وەلید و نخێت کارەبای نیشتمانییان نییە و پشت بە موەلیدە دەبەستن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ناحیەکانی سنووری قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار کارەبای نیشتمانیان نییە، لە کاتێکدا قەزاکە کارەبای نیشتمانیی بەردەوامی هەیە.
نزیکەی 10 ساڵ بوو قەزای روتبە کارەبای نیشتمانی نەبوو، ئەوەش دوای ئەوەی داعش ساڵی 2014 شارەکەی کۆنترۆڵکرد و دواتر ژێرخانەکەی وێران بوو.
رۆژی 21-07-2024، زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق گوتی، دوای بەستنەوەی کارەبای ئوردن- عێراق، موەلیدەی تایبەت لە قەزای روتبە هەڵگیرا و ئێستا قەزاکە کارەبای نیشتمانیی بەردەوامی هەیە.
لەو بارەوە لەیس شەمەری، بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید کە سەر بە قەزاکەیە، رۆژی چوارشەممە 24-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەستنەوەی کارەبای ئوردن و عێراق کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەو هۆیەوە ئێستا سەنتەری قەزای روتبە 24 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
لەیس شەممەری دەڵێت، بەڵام ناحیەکانی سەر بە قەزاکە کە بریتین لە وەلید و نخێت کارەبای نیشتمانییان نییە و پشت بە موەلیدە دەبەستن.
قەزای رووتبە گەورەترین قەزای عێراقە لە رووی رووبەرەوە، 300 کیلۆمەتر لە روومادی سەنتەری پارێزگاری ئەنبارەوە دوورە و لەگەڵ ئوردن، سووریا و سعودیە هاوسنوورە.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید گوتیشی، "نزیکەی 80 کلیۆمەتر ماوە کارەبای نیشتمانی بگاتە ناحیەی وەلید و داوای گەیاندنی کارەبای نیشتمانیم بۆ ناحیەکە کردووە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا پێیان راگەیاندووین لەم کاتەدا ئەستەمە و پێویستمان بە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلارە."
سەبارەت بە ناحیەی نخێب، ئەو بەرپرسە دەڵێت، بڕیارە کارەبای لە سعودیەوە بۆ دابین بکرێ، چونکە لە سنووری سعودیەوە نزیکترە، بۆیە هەر کاتێک کارەبای عێراق و سعودیە پێکەوە بەسترایەوە، کارەبای نخێب بەو جۆرە دابین دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ