لە نەینەوا بەهۆی هەڵەیەکی کارگێڕی 500 کەس لە دامەزراندن بێبەش کراون

24-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، بەهۆی هەڵەیەکی کارگێڕییەوە، نزیکەی 500 کەسی شایستە لە دامەزراندنەکانی پارێزگاکە بێبەش کراون.
 
ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی هەڵەی کارگێڕیی بەبێ ئەنقەست، نزیکەی 500 کەسی شایستە لەنێو 17 هەزار دامەزراوەکەی پارێزگای نەینەوا دوورخراونەتەوە و لە شوێنیان کەسانی دیکە دانراون.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا روونیکردەوە، لیژنەی دامەزراندن کارێکی "زۆر باشیان" کردووە، بەڵام کەموکڕییەکە پەیوەندی بە رێکارەکانی وردبینی و جیاکردنەوەی ناوەکانەوە هەبووە، ئەوەش وایکردووە سەتان کەس لەو دامەزراندنە بێبەش بن، بەتایبەتی لە دەوروبەری موسڵ، لەوانەش باشووری شارەکە، کە کەسوکاری قوربانییانی دەستی تیرۆرن و مافی خۆیان پێنەدراوە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و گێڕانەوەی ماف بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی پەروەردە و دیوانی پارێزگای نەینەوا. لەگەڵ ئەوەشدا، دانی بەوەدا نا کە ئەمە کارێکی ئاسان نابێت، چونکە ناوی خەڵکانێک دەرچووە و پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە قورسە.
 
دامەزراندنەکە بەشێوەی گرێبەستە و بۆ ماوەی سێ ساڵە، کەسی دامەزراو مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
ئەو 17 هەزار و 50 هەلی کارە، بەشێکن لە کۆی 150 هەزار هەلی کاری گرێبەست کە لە بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025دا دیاریکراون.
 
لەو 17 هەزار و 50 کەسە، هەزار کەسیان بۆ شنگال و 50یان بۆ فڕۆکەخانەی موسڵ تەرخانکراون؛ 16 هەزارەکەی دیکەش بەپێی چڕی دانیشتووان و پێویستی، بەسەر شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکەدا دابەش کراون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە