رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی تەممووزی 2025 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا زیاتر لە 22 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری و نزیکەی 7000 جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراق تۆمار کراون، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ژمارەکان زیاترن."
بەگوێرەی ئامارەکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئابی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە سەرانسەری عێراق (بەبێ هەرێمی کوردستان) گەیشتووەتە 22 هەزار و 677 گرێبەست، لە بەرامبەردا 6 هەزار و 910 جیابوونەوە تۆمارکراون.
ئامارەکە دەریدەخات، بەرامبەر هەر 100 گرێبەستی هاوسەرگیری، نزیکەی 30.5 جیابوونەوە هەبووە.
پارێزگای بەغدا بە دوو بەشەکەیەوە (رەسافە و کەرخ) زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیریی تێدا تۆمار کراوە، پێکەوە 5 هەزار و 388 گرێبەستیان هەبووە. نەینەوا لە پلەی دووەم دێت، کە سێ هەزار و 589 گرێبەست بووە.
لەڕووی جیابوونەوەشەوە، بەغدا لە پلەی یەکەمدایە و هەردوو بەشی رەسافە و کەرخ پێکەوە دوو هەزار و 465 دۆسیەی جیابوونەوەیان تێدا تۆمار کراوە، کە دەکاتە زیاتر لە سێیەکی کۆی جیابوونەوەکان لەسەر ئاستی عێراق.
سروە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی مانگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ژمارە هاوسەرگیری و جیابوونەوەیە تەنیا ئەوانەن کە لە دادگەکان بەشێوەیەکی فەرمی تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەیەکی دیکەی زۆری گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوە هەیە نابرێنە دادگاکان و هەر لەدەرەوە دادگاکان بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکرێن، بەتایبەتی لە ناوچە دووردەستەکان.
وردەکاریی ئامارەکە بەپێی پارێزگاکان:
بەغدا / رەسافە: هاوسەرگیری (3,067) جیابوونەوە (1,299)
بەغدا / کەرخ: هاوسەرگیری (2,321) جیابوونەوە (1,166)
نەینەوا: هاوسەرگیری (3,589) جیابوونەوە (580)
دیالە: هاوسەرگیری (897) جیابوونەوە (310)
بابل: هاوسەرگیری (632) جیابوونەوە (183)
نەجەف: هاوسەرگیری (751) جیابوونەوە (258)
کەرکووک: هاوسەرگیری (1,325) جیابوونەوە (295)
زیقار: هاوسەرگیری (1,514) جیابوونەوە (217)
ئەنبار: هاوسەرگیری (1,906) جیابوونەوە (398)
بەسڕە: هاوسەرگیری (2,073) جیابوونەوە (734)
واسیت: هاوسەرگیری (576) جیابوونەوە (179)
سەڵاحەدین: هاوسەرگیری (1,512) جیابوونەوە (241)
موسەننا: هاوسەرگیری (366) جیابوونەوە (155)
میسان: هاوسەرگیری (925) جیابوونەوە (252)
کەربەلا: هاوسەرگیری (656) جیابوونەوە (341)
قادسیە: هاوسەرگیری (567) جیابوونەوە (302)
کۆی گشتی:
هاوسەرگیری: 22,677
جیابوونەوە: 6,910
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ