رووداو دیجیتاڵ
37 بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەسەر دۆسیەى "بەعسی بوون" و سەرکردەیەکى دیکەى سوننەش بەهۆى پێشینەى تاوان دوو خرانەوە. بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا 625 بەربژێر بەهۆکارى جیاواز دوورخراونەتەوە.
ئەو بڕیارانەى کۆمیسیۆن لە یەکشەممە 24ـی ئابى 2025 لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە دەرکراون.
یەکێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتە بە دوورخستنەوەی 37 بەربژێری دیکە، بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردن.
ئەو بڕیارە تایبەتە بەو کەسانەی کە یاسای لێپرسینەوە و دادوەری دەیانگرێتەوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق پلەی باڵایان لە حیزبی بەعس هەبووە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، پشکی شێری بەرکەوتووە لەو دوورخستنەوانە، بەوەی 8 بەربژێری لیستەکەى بەگوێرەی ئەو بڕیارە دوورخراونەتەوە.
یەکێکی دیکە لە بەربژێرە دوورخراوەکان، لە هاوپەیمانیی یەکێتیی ئەهلیی نەینەوا بووە بەناوی عەبدولسەلام مەدەڵڵا، کە سەر بە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەو پارێزگایە.
یەکشەمە 24ى ئابى 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تێکڕای ژمارەی ئەو بەربژێرانەی بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دوورخراونەتەوە، گەیشتووەتە 291 بەربژێر".
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چوار بەربژێری دیکەی دوورخستووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی بڕگەی سێیەمی مادەی7ـی یاسای هەڵبژاردن گرتوونیەتییەوە، کە تایبەتە بە هەبوونی پێشینەی تاوان.
یەکێک لەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە، حەیدەر موللا، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم و یەکێک لە سەرکردە سوننەکانی بەغدایە.
عیماد جەمیل رایگەیاند، جگە لەوانەی کە یاسای لێپرسینەوە و دادوەری گرتوونیەتییەوە، 200 بەربژێری دیکە بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەکانیان تەواو نەبووە، هەروەها ژمارەی ئەو بەربژێرانەی بەهۆی کۆت و بەند و پێشینەی تاوانکارییەوە دوورخراونەتەوە گەیشتووەتە 105 بەربژێر، 15 بەربژێریش لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دوورخراونەتەوە و 10 بەربژێری پێکهاتەکانیش مەرجی بەربژێربوونیان تێدا نەبووە، ئەوە جگە لە چوار بەربژێر کە بەڵگەنامەکانیان ساختە بووە و دوورخراونەتەوە.
نزیکەی 8 هەزار کەس بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان بەربژێر کردووە و رکابەری لەسەر 329 کورسی دەکەن. بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پێویستە وردبینی لە دۆسیەکانیاندا بکرێت و دواتر کۆمسیۆن ناوەکانیان پەسند بکات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت و هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ