قاسم ئەعرەجی: 2629 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆڵ گەڕێندراونەتەوە

24-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، 2629 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆڵ گەڕێندراونەتەوە. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هێشتا نزیکەی 18 هەزار کەسی دیکە لە کەمپەکە ماون.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2021وە تاوەکو ئێستا 2629 خێزانی عێراقییان لە کەمپی هۆڵ گەڕاندووەتەوە، کە زیاتر لە 10 هەزار کەس دەبن.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـدایە. بەشێکی زۆری دانیشتووانی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. 
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 24-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل بەردەوامە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار کەسیان لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە و نزیکەی 18 هەزاری دیکەش هێشتا لە کەمپەکەدا ماون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، ئەو خێزانە عێراقییانەی لە کەمپی هۆل-ەوە دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە سنووری شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا. کەمپەکە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراقی دروستکرا.
 
بەگوتەی قاسم ئەعرەجی، دوو هەزار خێزانیان گەڕاندووەتە زێدی رەسەنی خۆیان و نزیکەی 600 خێزانیان ماوە، ئێستا لە بەرنامە شیاندنەوەدان.
 
ئەعرەجی ئەو قسانەی لە کۆنگرەی هەڵسەنگاندن و نوێکردنەوەی ستراتیژیەتی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵانی (2012-2025) لە بەغدا کرد، کە دەزگەی دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاری نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق رێکیخستبوو.
 
شکستەکانی رێکخراوی داعش، بەتایبەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتریش لە سووریا، رێکخراوەکەی بەرەو لاوازی برد. 
بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و بەشێکی زیاتری ئەندامەکانیشیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور

فەرماندەى پاسەوانى سنوورى عێراق: بستێکی سنوورەکەمان لەگەڵ سووریا نەماوە، کە بە کامێرا چاودێریی نەکرێت

ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی کانوونى یەکەمى 2024) گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور، کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانییان لە بەغدا ئەنجام دا بۆ روونکردنەوەى ئاستى پاراستنى سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا.