رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی هاوپەیمانیی تەقەدوومی نیشتمانی، کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات لەلایەن هێزێکی لیوای 52ـی سوپای عێراق لە ناحیەی ئامرلیی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ ماوەیەک رادەگیرێت، مۆبایلی لێدەسەندرێت، بەربژێرەکەش دەڵێت: "سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەم کە سووکایەتیان پێکردین."
سەجا بەیاتی، بەربژێری ژمارە 8ـی لیستی هاوپەیمانیی تەقەدوومی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوای ئەوەی لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە بۆ ماوەیەک رادەگیرێت، روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سەردانی گوندی بستمالیم کرد، وەکو ئامادەکارییەک بۆ شیاندنەوە و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە گەڕانەوەی تەواوەتی خەڵکەکەی، بەڵام هێزێکی لیوای 52 سوپای عێراق هاتنە سەرمان و هاواریان کرد و مۆبایلی خۆم و ئەندامانی ستافەکەیان بردین و کامێراکەشیان بردین، دواتر چەکیان لێڕاکێشاین، پاساویشیان ئەوە بوو گوایە مۆڵەتمان بۆ چوونە نێو ئەو گوندە نییە و وێنەی خاڵەکانی سوپامان گرتووە، بەڵام من تێناگەم ئەگەر مۆڵەت نییە ئەی چۆن چوار بازگەمان بڕی تاوەکو گەیشتینە گوندەکە؟"
ئەو بەربژێرە کە رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، دەستگیرکرابوو، لە قسەکانیدا باسی ئەوەشدەکات هەرچی چالاکییەکانی ئەوە وەکو بەربژێر کە ماوەی هەفتەیەک بوو ستافەکەی ئامادەیان دەکرد لەنێو کامێراکەیاندا بووە و لەلایەن ئەو هێزەی عێراقەوە سڕاونەتەوە، دەشڵێت: "ئامادەکارییمان دەکرد بۆ فیلمێکی دۆکیومێنتاری."
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، کەسێکی نزیک لە سەجا بەیاتی، بە رووداوی گوت: "ئەو گوندەی ئەو بەربژێرە بۆی چووە بەهۆی شەڕی داعش لەساڵی 2014 و دواتر ناکۆکییە مەزهەبییەکانەوە هێشتا دانیشتووانەکەی بەتەواوەتی بۆی نەگەڕاونەتەوە و ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆیە هەستیاریی لەلای هێزەکانی ناوچەکە بەتایبەت حەشدی شەعبی هەیە."
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
لەبارەی هەڵوێستیشییەوە لەسەر ئەو"پێشێلکارییە"، سەجا بەیاتی، لە گرتە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێت: "سکاڵا لە دژی هەموو ئەو کەسانە تۆماردەکەم کە پێشێلکارییان دژی ئێمە کردووە، بەتایبەت کە مۆبایلەکانم هەموو زانیاریی و وێنە و نامەکانی کەسی خۆمی تێدایە و بەپێی بڕیارێکی سەرۆکوەزیران نابێت هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیربکرێت."
ئەو ئۆباڵی هەر شتێک کە بە گوتەی خۆی بەسەریدا بێت دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزەی چوونەتە سەریان و دەڵێت: "هەرچییەکم لێ بەسەر بێت ئێوە بەرپرسن."
گوندی بستمالی، نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە ناحیەی ئامرلی سەر بە قەزای دوزخورماتوو دوورە، یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی ئامرلی لە پارێزگای سەڵاحەددین، پێش ساڵی 2014 دانیشتووانەکەی تورکمانی شیعە و سوننە بوون، نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانەکەی سوننە و ئەوانی دیکە شیعە بوون، بەڵام هێشتا بەشێکی خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ