دوو بەربژێر داوا لە دادگەی فیدراڵی دەکەن هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوابخات

24-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو بەربژێری عەرەب و تورکمان لە کەرکووک لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان لە دژی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک تۆمار کردووە و داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگاکە دوابخرێت، بەربژێرێکی کوردیش دەڵێت: "هەندێک لە بەربژێرە تورکمان و عەرەبەکان لە دەرنەچوونیان دەترسن."
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، وا بڕیارە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، 27-11-2023  دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کۆببێتەوە کە لە دژی تۆماری دەنگدەران و لەسەر سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراوە.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن سەفوەت ساڵح بەنا، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە تۆمارکراوە و داوا دەکات دادگەکە کۆمیسیۆن پابەندبکات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارێکی وردی دەنگدەران دەکرێت. سکاڵای دووەم لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیادەی سوننەکان تۆمارکراوە و هەمان داواکاری هەیە. 
 
ئاکۆ سلێمان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک، رۆژی هەینی، 24-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو سکاڵایە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕیت، بەشێک لە بەربژێرەکانی تورکمان و عەرەب لە ترسی دەرنەچوونیان لە هەڵبژاردن، پەنا بۆ ئەو جۆرە کارانە دەبەن، هەرچەندە ساختەکارییەکی زۆر لە ناوەکان هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عەرەب هێنراونەتە کەرکووک، بەڵام پشتیوان بەخودا کورد دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک بەدەستدەهێنیت."
 
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە. 
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتیی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو. 
 
مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان لە 4 بڕگە پێکدێت، بەپێی مادەکە مادەی 35ـی یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکانی ژمارە 14ـی ساڵی 2019 هەڵدەوەشێندرێتەوە، کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و نوێنەرانی پێکهاتەکان وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکەن لەسەر بنچینەی:
 
- هاووڵاتیانی تۆمارکراو لە سەرژمێری ساڵی 1957، جگە لە هاووڵاتیانی ناحیەی زاب و سەرگەڕان، کە لەنێو تۆمارەکە دەبن.
 
- ئاوارەکان ئەوانەی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە.
 
- هاووڵاتیانی دانیشتووی کەرکووک کە بەپێی کۆبۆنی خۆراک دەسەلمێندرێت لەپێش ساڵی 2003ـەوە لە کەرکووک نیشتەجێ بوون.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە