حەموودی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێتە 'ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن'

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە "ئەنجوومەنی دانایان"ـەوە دەبێتە "ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن" بۆ حکومەتی داهاتوو. هاوکات هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بە "هۆشمەندانە" وەسف دەکات.
 
شێخ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە 'کۆڕبەندی دیالۆگ' رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی بەسەر گۆڕەپانەکەدا سەپاندووە و بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە "ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن" بۆ حکومەت، دەبێتە پاڵپشت و هاوکاری هەر بڕیار و ئاراستەیەکی حکومەتی داهاتوو.
 
حەموودی گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەهۆی یەکگرتوویی، قورسایی پەرلەمانی، هەمەجۆریی پێکهاتەکانی و رێزگرتن لە لایەنەکانی دیکە، توانیویەتی کێشە قورسەکان بە گیانێکی نیشتمانیی بەرپرسانە چارەسەر بکات."
 
لەبارەی دیاریکردنی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران و کاردانەوەی سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی گوتی، "هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بۆ بەربژێرکردنی نووری مالیکی، هەڵوێستێکی هۆشمەند و دانایانە بوو، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و لەبەرچاوگرتنی ئاڵنگارییەکانی هەنووکەیی دراوە."
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری کۆبوونەوە و تێیدا نووری مالیکی وەک بەربژێری "زۆرینە" دیاری کرا. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی راگەیاندبوو، چوار سەرکردەی دیار (عەممار حەکیم، حەیدەر عەبادی، شبل زەیدی و قەیس خەزعەلی) دەنگیان بە مالیکی نەداوە.
 
لەو بارەیەوە فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، رۆژی سێشەممە مەکتەبی سیاسیی رەوتەکەیان کۆدەبێتەوە و بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن.
 
سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی داعشە زیندانییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، هومام حەموودی بەرگری لە بڕیارەکە کرد.
 
حەموودی گوتی، "بڕیاری حکومەت بۆ گواستنەوەی ئەو چەکدارانەی لە سووریا دەستبەسەر بوون، بڕیارێکی سەروەریی عێراقییە و دوای راوێژکاری دەرکراوە؛ ئامانج لێی پاراستنی عێراق و ناوچەکەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد ئەسەدی و ئیبراهیم نامس جبووری

ئەحمەد ئەسەدی نەبووە پەرلەمانتار و دوو وەزارەت بەڕێوەدەبات

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتێکی دیکەشی پێسپێردرا و لەمەودوا بە وەکالەت سەرپەرشتیی وەزارەتی پەروەردەش دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی کار دەڵێت، ئەسەدی دەستبەکار بووە