ئەو عێراقییانەی لە میسر گیریان خواردووە، لە رێگەی سعودیەوە دەگەڕێندرێنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی بەهۆی جەنگەوە لە میسر گیریان خواردووە، لە رێگەی فڕۆکەوە دەگوازرێنەوە بۆ سعودیە و لەوێوە بە وشکانی دەگەڕێندرێنەوە.
 
رۆژی هەینی، 13ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی عێراق لە میسر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوو گەشتی ئاسمانی لە میسرەوە بۆ سعودیە رێکدەخات بۆ ئەوەی ئەو عێراقییانە بگوازرێنەوە، کە لەو وڵاتە گیریان خواردووە، تاوەکو دواتر لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێندرێنەوە عێراق.
 
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە، تەنیا رێگەی هاتووچۆ لەگەڵ دەرەوە وشکانییە، لەڕێگەی دەروازەی عەرعەر لەگەڵ سعودیە، قائیم لەگەڵ سووریا و ئوردن و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا.
 
باڵیۆزخانەی عێراق لە میسر رایگەیاند، رۆژانی هەینی و شەممە 14ی ئادار تاوەکو کاژێر 9ی شەو، ئەو کەسانەی پێشتر ناویان تۆمار کردووە، دەتوانن سەردانی باڵیۆزخانە بکەن لە قاهیرە بۆ ئەوەی تکتی دوو گەشتەکە ببڕن.
 
عێراق و سعودیە رێککەوتن کە ئەو هاووڵاتییانەی لەو وڵاتە یان وڵاتانی دیکەدا بەهۆی جەنگەوە گیریان خواردووە، لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە بگەڕێنەوە و بۆ ئەو مەبەستە ئاسانکارییان بۆ کراوە.
 
باڵیۆزخانەی عێراق لە میسر رایگەیاندووە لەدوای بڕینی تکتی فڕۆکە، لە نزیکترین کاتدا هەردوو گەشتەکە دەکرێن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە