رووداو دیجیتاڵ
8 وەزیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون و وەک پەرلەمانتار سوێندی دەستوورییان خوارد، بەڵام سەرۆکوەزیران و دوو وەزیری دیکە نەچوونە پەرلەمان. پەرلەمانتارێک دەڵێت: "ئەوانەی سوێندیان نەخواردووە، دەبنەوە وەزیر."
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا (یەکشەممە، 25-01-2026)، ئەو 8 وەزیرەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا دەنگی پێویستیان بەدەستهێنابوو، بە فەرمی بوونە پەرلەمانتار.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو وەزیرانە پێشتر نەیانتوانیبوو سوێند بخۆن، بەڵام ئەمڕۆ پرۆسەکە تەواو بوو.
ئەو وەزیرانەی ئەمڕۆ بوونە پەرلەمانتار:
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان.
نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوە.
زیاد عەلی، وەزیری کارەبا.
هيام یاسری، وەزیری گەیاندن.
ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردە.
عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگری
پێشتریش، ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سوێندی یاسایی خواردبوو و بووە پەرلەمانتار.
بۆچی سوودانی سوێندی نەخوارد؟
سەرەڕای دەرچوونیان لە هەڵبژاردن، هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نەچوونە پەرلەمان. شێروان دووبەردانی لەوبارەوە دەڵێت: "ئەو دوو کەسە ناچنە پەرلەمان، چونکە بڕیارە لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا پۆستی وەزاری وەربگرنەوە."
لە هەڵبژاردنی 11-11-2026ـی پەرلەمانی عێراقدا، جگە لەو وەزیرانەی سەرەوە کە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، سێ وەزیر دەنگی پێویستیان نەهێنا و دەرنەچوون، ئەوانیش، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری و ئەحمەد محەممەد مبرقەع، وەزیری لاوان و وەرزش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ