رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، پلانی بنیاتنانەوەی دەروازەی رەبیعە لە نەینەوا لەگەڵ سووریا دەستیپێکردووە و لە قۆناخی ئامادەکردنی دەرخستەی تەکنیکی دایە، ئەو ئامادەکارییەش بە فەرمانى سەرۆکۆەزیران بووە بۆ کردنەوەى دەروازەکە.
چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لەبەر رۆشنایی فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی رەبیعە، کارمەندانی ئەندازیاری لە پارێزگای نەینەوا دەستیانکردووە بە پڕۆسەی ئامادەکردنەوەی دەروازەکە بە مەبەستی کاراکردنەوەی کارکردن تێیدا و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و سووریا.
عەلائەدین قەیسی رایگەیاند، پلانی ئامادەکردنەوەی دەروازەکە دەستی پێکردووە، پێکدێت لە ئامادەکردنی دەرخستەی تەکنیکی، خشتەی تایبەت بە باڵەخانەکانی دەروازەکە، لەگەڵ فراوانکردنی گۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رێگەی ترانزێتی گواستنەوەی کاڵا و دانانی وێستگەی کێشانی بارەکان و رێکخستنی جووڵەی بارهەڵگرەکان.
لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، دیوی سووریای دەروازەی رەبیعەی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە، کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، کە پێشتر بەدەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە بوو.
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق گوتی، پێشبینی دەکرێت ئەو رێکارانە ببنە هۆکاری ئاسانکاریی تێپەڕینی کاڵا و گەشتیاران لە نێوان عێراق و سووریا و چالاکیی بازرگانیی نێوانیان.
ئەو دەروازەیە لە ساڵی 2014ـەوە داخراوە، دەروازەکە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ