رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کار لەسەر چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ بەرهەمهێنانی شیر و قەڵەوکردنی ئاژەڵ دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵیش دەڵێت، جۆرە مانگایەکیان هاوردە کردووە رۆژانە 50 کیلۆگرام شیر دەدات.
وەلید محەممەد رزوقی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ عێراق لە وڵاتانی بەڕازیل و کۆڵۆمبیاوە بەردەوامە، جگە لە هاوردەکردنی بڕێکی سنوورداری مەڕ لە جۆرجیاوە."
سەبارەت بە پڕۆژە نوێیەکان، وەلید رزوقی ئاماژەی بەوە کرد، کارکردن لەسەر پڕۆژەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی شیر لە نێوخۆی وڵات دەستیپێکردووە و گوتی: "دیارترینیان پڕۆژەی (فەیزی قەسیم)ـە لە کێڵگەی فەدەک؛ لەوێ 165 مانگای ئاوس وەرگیراون و پرۆسەی زایین و بەرهەمهێنانی شیر دەستیپێکردووە."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەو مانگایانەی بۆ پڕۆژەکە هەڵبژێردراون لەگەڵ ژینگەی عێراق دەگونجێن و توانایەکی "نایاب"ـیان بۆ بەرهەمهێنانی شیر هەیە. وەک ئەو دەڵێت: "بەرهەمی رۆژانەی هەر مانگایەک دوای زایین دەگاتە 30 کیلۆگرام، بەڵام لە کاتی لووتکەی بەرهەمهێناندا دەگاتە نێوان 40 بۆ 50 کیلۆگرام شیر."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ ئاشکراشی کرد، پڕۆژەیەکی دیکەی گەورە لە ئارادایە کە وێستگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شیر و قەڵەوکردنی گوێرەکە لەخۆ دەگرێت. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ساڵێک بۆ دوو ساڵی داهاتوودا بکەوێتە گەڕ و توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 100 هەزار سەر ئاژەڵی هەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی هەیە لە رێگەی هاوردەکردنی جوانەگای رەسەن، رەگەزی ئاژەڵی نێوخۆیی باشتر بکات. وەلید رزوقی دەڵێت: "وەزارەت دەیەوێت گای رەسەن هاوردە بکات کە نرخی هەر دانەیەکیان لەگەڵ تێچووی گواستنەوە دەگاتە 25 بۆ 30 ملیۆن دینار."
ئامانج لەم هەنگاوە، بەکارهێنانی "تۆو"ـی ئەو گایانەیە بۆ پیتاندنی دەستکرد بۆ مانگا نێوخۆییەکان. رزوقی دەڵێت: "یەک جوانەگای باش دەتوانێت رەگەزی نزیکەی هەزار مانگا باشتر بکات، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانانە پەیوەستە بە دابینکردنی بودجەی پێویست لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە."
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ، لە عێراقدا کۆی گشتی 17 ملیۆن سەر ئاژەڵ هەن، کە بەمشێوەیە دابەشبوون:
مەڕ: 13 ملیۆن و 900 هەزار سەر.
بزن: 1 ملیۆن و 100 هەزار سەر.
مانگا: 1 ملیۆن و 670 هەزار سەر.
گامێش: 612 هەزار سەر.
حوشتر: 163 هەزار سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ