رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى رێکخراوى داعش لە باکوورى بەغدا دەستگیرکرا کە پارچەیەک زەوى کڕیوە و کردوویەتی بە میوانخانەى ئەو رێکخراوە و چەک، گەرمبین و مۆبایلی لە نێوان میوانخانەکانى دیکەى داعش گواستووەتەوە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق رایگەیاند، چەکدارێکى داعشیان دەستگیرکردووە کە لە ناوچەى تاجی باکوورى بەغداى پایتەخت پارچەیەک زەوى کڕیوە و کردوویەتى بە میوانخانەى ئەو رێکخراوە.
ئەو دەزگایە لە راگەیێندراوێکدا کە 25ى ئادار بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەى بەوەداوە، ئەو داعشە بە 'ئەبو یاسر' ناسراوە و بەرپرسی سەرەکیى گواستنەوەی چەکدارانی داعش بووە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق رایگەیاندووە، ئەبو یاسر پێشتر ئەبو ماریا، والى باکوورى بەغداى داعشی بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى خۆى گواستووەتەوە بۆ ناوچەى تاجى باکوورى بەغدا، بەر لەوەى ئەو بەرپرسەى داعش بکوژێرێت.
ئەو تۆمەتانەى دیکە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاڕاستەى ئەبو یاسر کراون، بریتین لە گواستەوەى چەک و گەرمبین و مۆبایل لەنێوان میوانخانەکانى داعش لە ناوچەى تاجی.
ئەبو یاسر لەلایەن فەرماندەى گشتیى سەربازیی باکوورى بەغداى داعش راسپێردراوە بۆ ئەوەى ئەو پارچە زەوییە بکرێت و کۆگە و ژوورى لەسەر دروست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ