لە دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵا لەسەر وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت

25-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بڕیارە رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو، دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە لەلایەن فەرمانبەرێکی وەزارەتی کارەباوە لە دژی کەمال محەممەد ساڵح تۆمارکراوە، کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بابەتەکە پەیوەندیی بە خانووبەرەی میرییەوە هەیە و سکاڵاکار داوا دەکات دادگە بڕیار لە نادەستووریی بڕیاری ژمارە 100ـی هەموارکراوی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕشی سەردەمی بەعس بدات و هەڵیبوەشێنێتەوە.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بڕیاری رۆژی یەکشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2023، دادگە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک بکات کە لەلایەن خالید محەممەد رەشید، فەرمانبەری وەزارەتی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، کۆببێتەوە.
 
ژمارەی سکاڵاکە 78/ فیدڕاڵی/2023 یە، سکاڵاکار، سکاڵای لەسەر هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و  کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان تۆماکردووە و داوا دەکات دادگەکە بڕیار لەبارەی نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 100ـی ساڵی 1987ـی هەموارکراوی ئەنجوونی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەی حیزبی بەعس بدات و هەڵیبوەشێنێتەوە.
 
ئەو یاسایەی سکاڵای لەسەر تۆماکراوە ناوی"دیاریکردنی ماوەی چۆڵکردنی ژمارەیەک لە خانووەکانی وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکەی دەوڵەت کە ئاماژەیان پێکراوە لە رۆژی پێڕاگەیاندنی ئەو کەسەی تێیدایە بە چۆڵکردنی."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی سکاڵای کردووە، دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە و فەرمانبەری وەزارەتی کارەبایە، بەڵام هێشتا روون نییە سکاڵاکەی لەسەر چی بابەتێکی پەیوەندیدار بە خانووەکانی میری کردووە.
 
بڕیارەکە لە رۆژی 22-2-1987 دەرکراوە و لەلایەن سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقەوە واژۆکراوە، لە پێنج مادە پێکدێت کە تائێستاش کارایە و ئەمە دەقەکەیەتی:
 
بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ئەلف لە مادەی 42ـی دەستوور، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە دانیشتنی ژمارە 22-2-1987 بڕیاریدا بە:
 
یەکەم: خانووەکانی وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکەی دەوڵەت (ئەوانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکرێت) لەماوەی شەش مانگ لە وادەی راگەیاندن بە چۆڵکردنی؛ چۆڵدەکرێن و ئەو کەسانەی تێیاندان، پارەی ئەو ماوەیە دەدات کە تێیدابووە و بەپێی یاسای وەگرتنەوەی قەرزە حکومییەکان لێیوەردەگیرێت.
 
1-ئەو خانووانەی فەرمانبەرانی فەرمانگەکانیان تێدایە پێچەوانەی رێنماییە بڕیارلێدراوەکان لەلایەن فەرمانگەکەوە دەگرێتەوە.

 

2-ئەو خانووانەی خەڵکانێکیان تێدایە فەرمانبەری دەوڵەت نیین.
 
3-ئەو خانووانەی بەبێ رەزامەندی یان گرێبەستی فەرمی تێیدا نیشتەجێن.
 
4-ئەو خانووانەی خانەنشینانیان تێدایە و ماوەی یاسایی مانەوەیان لەو خانووانە تەواوکردووە.
 
دووەم: ئەو خانووانەی ئاماژەیان بۆکراوە دوای چۆڵکردنیان بەپێی حوکمەکانی یاسای کرین و فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت ژمارە 32ـی ساڵی 1986 مامەڵەی دەفرۆشرێن.
 
سێیەم:خانووەکانی بێوەژنانی سەر بە ئەمیندارێتی بەغدا و خانووەکانی بێوەژنانی سەر بە شارەوانی تەلەعفەر بە نیوەی بەهای خەمڵێندراویان دەدرێن بەو کەسانەی تێیدان، بەمەرجێک ئەو خانووانە دژی دیزاینی سەرەکیی شارەکان نەبن.
 
چوارەم: ئەو خانووانەی کە سەر بە ئیدارە خۆجێیەکانن و بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان تەرخانکراون، لەگەڵ رێوشوێنەکانی فرۆشتنیان لە بڕگەی یەکەمی بڕیاری ژمارە 994ـی 24-8-1985 بەدەردەکرێن.
 
پێنجەم: وەزیرانی تایبەت هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
 
ئەگەرچی پێش ساڵی 2020 سکاڵاکان دژی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق زۆر کەمبوون، بەڵام ماوەی دوو ساڵە 26 سکاڵا دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیە 18یان هاونیشتمانییان دژى دامەزراوەکانی هەرێمى کوردستان تۆماریان کردوون و هەشتیشان هاووڵاتییانی عەرەب دژى هەرێمى کوردستان تۆماریان کردوون.
 
جگە لەو سکاڵایانەی لە ساڵی رابردوودا دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و بۆ ئەمساڵ دواخران، لەساڵی 2023دا ژمارەیەک سکاڵای نوێ دژی هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانییان کە بەرپرسیارێتییان لە عێراق هەیە تۆمارکراون؛ سکاڵاکان پەیوەندییان بە بابەتاکانی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کورسیی پێکهاتەکان، پاشەکەوتی مووچە، خانووبەرە، خواردنەوە کحوولییەکان و پەیوەندیی باوک و کوڕ دوای جیابوونەوەی هاوژینەکان بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پۆلیسی دیالە

هەفتەی داهاتوو نزیکەی 1900 پۆلیس لە دیالە دادەمەزرێندرێن

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە ناوی نزیکەی 1900 کەسی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە دەبێت سەردانیان بکەن بەمەبەستی دامەزراندنیان بە گرێبەست