رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لەکاتی مەلەکردندا لە رووبارێکی بەسرە خنکا. پۆلیسی بەسرە دەڵێت، لە دوو هەفتەدا ئەمە هەشتەمین رووداوی خنکانە لە پارێزگاکە.
عەقید عەزيز هاشم، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بەسرە رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەنجێکی تەمەن 16 ساڵ لە ناوچەی عەشار داکیر لە بەسرە لەکاتی مەلەکردندا خنکا.
داکیر ناوچەیەکە دەکەوێتە نزیک شەتولعەرەب. بەسرە تاکە سنووری دەروازەی ئاویی عێراقە لەگەڵ دەرەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بەسرە دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی بەسرە، لە دوو هەفتەدا ئەمە هەشتەم رووداوی خنکانە لە پارێزگاکەدا.
چەند رۆژێکە گەرما لە بەسرە پەنجا پلەی تێپەڕاندووە، بەشێک لە دانیشتووانەکەی، بەتایبەتی گەنجان، بۆ خۆفێنکردنەوە و دەربازبوون لە گەرمای تاقەتپڕوکێن، روودەکەنە رووبارەکان بۆ مەلەکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ