رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، دەست بە ئاساییکردنەوەی گەشتەکانی دەکاتەوە و 26 گەشتی هاتن و چوونی دەبێت، کە دوویان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەبێت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نەمانی مەترسیی ئەمنی لەسەر فڕۆکەوانی و جێگیربوونی دۆخی ئاسمان، ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتەکانی پەیتا پەیتا ئاسایی دەکاتەوە، گەشتەکان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستپێدەکاتەوە.
بەگوێرەی خشتەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، ئەمڕۆ چوارشەممە هێڵەکە 26 گەشتی چوون و هاتنی ناوخۆ و دەرەوەی دەبێت، کە دوویان بۆ هەولێر و سلێمانییە.
بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە لە 13ی حوزەیرانەوە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیرابوون. تەنیا فڕۆکەخانەی بەسرە لە کاژێر 04:00ی بەیانی تاوەکو 10:00ی شەو کراوە بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە نزیکەی 90 گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرەوە بۆ چەند وڵاتێک کردووە، 24900 گەشتیاری عێراقیی گەڕاندەوە، کە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەوە گیریان خواردبوو.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانە هەن: بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک.
جیهاد دیوان، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، دوێنێ سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای رێککەوتنی ئاگربەست و باشتربوونی دۆخی ئەمنی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانی ئاگادار کردەوە، کە ئاسمانی عێراق بەتەواوی کراوەیە. ئێستا هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە کراوەن."
گوتەبێژەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی گوتی، ئاسمانی عێراق بە رووی ئەو فڕۆکانەشدا کراوەتەوە، کە ئاسمانەکە بۆ تێپەڕبوون بەکاردەهێنن و پێشبینی کرد گەشتەکان لە بەیانییەوە ئاسایی ببنەوە.
لەلایەن خۆیەوە لاوەند مەموندی، دوێنێ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (فلای ئەربیل) دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ئاگاداری کردووینەتەوە، کە سبەی (واتە: ئەمڕۆ چوارشەممە) وەک یەکەم کۆمپانیا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆمان بۆ ئیستەنبووڵ و بەیرووت دەست پێبکەینەوە."
لاوەند مەموندی گوتیشی، لە رۆژانی داهاتوودا و بەپێی رەخسانی هەلومەرج، گەشتەکانی دیکەشیان بەشێوەیەکی پلەبەندی، کارا دەکەنەوە.
سەبارەت بە گەشتەکانی ئەورووپا، لاوەند مەموندی روونیکردەوە، کە هێشتا پێویستیان بە رەزامەندیی فەرمیی "ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی یەکێتیی ئەوروپا (EASA)" هەیە و گوتی: "ئێستا هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت گەشتی راستەوخۆ بۆ ئەورووپا بکات، بەڵام چاوەڕوانین لە 48 کاتژمێری داهاتوودا، ئەگەر دۆخەکە بەتەواوی ئارام بێ، رەزامەندیی (EASA)بەدەست بهێنینەوە و گەشتەکانمان بۆ هەموو وڵاتان دەست پێبکەینەوە."
رۆژی دووشەممە 23-06-2025 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لە 10 رۆژی رابردوودا 1283 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ