رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق لە ساڵێکدا 100 ملیۆن دۆلارى دۆسیەکانى گەندەڵى و هەشت تۆمەتبارى ئەو تاوانەى گەڕاندووەتەوە، گەشتکردنیشى لە 224 کەس قەدەخە کردووە.
رۆژی 25ى تشرینى یەکەمى 2023 میدیاى فەرمیى عێراق ئامارێکى بڵاوکردەوە لەبارەى ئەو کارانەى کابینەى ئێستاى حکومەت لە ماوەى ساڵێک لە دەستبەکاربوونى کردوویەتى.
بەگوێرەى ئامارەکە، 80 هەزار کەس ئاشکرا بوون کە مووچەى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە، کە شایستەى نەبوون و پارەکەیان لێوەرگیراوەتەوە، بڕی پارە وەرگیراوەکە 170 ملیار دینار بووە. هاوکات حەوت ملیۆن هاووڵاتى لە سەبەتەى خۆراکى تایبەتى پاراستنى کۆمەڵایەتى سوودمەند بوون.
ئەو بڕە پارانەى دۆسیەى گەندەڵى، کە لەو ساڵە پارێزراوە، گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 524 ملیار دینار، لەو بڕە رێگرى لە بەهەدەرچوونى 83 ملیار دینار کراوە، 100 ملیۆن و 736 هەزار دۆلار لە دەرەوە گەڕێندراوەتەوە.
رۆژی 28ى تشرینى یەکەمى 2022، کابینەى حکومەتى ئێستاى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى لە پەرلەمان دەنگى لەسەردرا.
بەگوێرەى ئامارەکە 317 ملیار و 700 ملیۆن دینارى پارەى "دزراوى" هەژمارى بانکى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجى عێراق گەڕێندراوەتەوە، لەکاتێکدا تێکڕاى پارەکە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینارە، کە لە نێوان ساڵانى 2021 بۆ 2022 لەلایەن چوار کۆمپانیاوە براوە.
یەکێک لەو دۆسیانەى دیکە کە لە ئامارەکادا باس کراوە، بەقاچاخبردنى نەوتە، بەپێی ئامارەکە 121 کەس بە تۆمەتى بەقاچاخبردنى نەوت دەستگیرکراون، کە هەندێکیان کارمەندى هێزە ئەمنییەکان بوون.
سەبارەت بە کارەکانی دەستەى دەستپاکیى عێراقیش لە ماوەى ئەو ساڵەدا، وەکو لە ئامارەکەدا هاتووە، دەستەکە 29 هەزار و 168 هەواڵى پێگەیشتووە لەبارەى دۆسیەکانى گەندەڵى و 12 هەزار و 232 دۆسیەى لە دادگا یەکلاکردووەتەوە، هەشت هەزار و 690 فەرمانى بانگکردنى بۆ بەردەم دادگە دەرکردووە، سێ هەزار و 15 کەس فەرمانى دەستگیرکردنیان دراوە لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵى و هەزار و 843 کەس لەسەر هەمان تۆمەت راگیراون.
بەگوێرەى ئامارەکە، 898 کەس لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵى سزادراون و هەشت تۆمەتبارى گەندەڵی لە دەرەوە گەڕێندراونەتەوە و 224 فەرمانى رێگرى لە گەشتکردن لە دژى تۆمەتبارانى دۆسیەکانى گەندەڵى دەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ