رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق دەرگاى دامەزراندن دەکاتەوە. ئەندامێکى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، نزیکەى چوار هەزار کەس دادەمەزرێندرێن و هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن داواکارى پێشکێکش بکەن.
رۆژی 25ى کانوونى یەکەمى 2023، دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کاژێر 8:00ـی بەیانى سێشەممە 26ى کانوونى یەکەم، لینکى پێشکێشکردنى داواکارى بۆ دامەزراندن لەو دەزگایە کارا دەکەن و وەرگرتنى داواکارییەکان تاوەکو کاژێر 11:59ى شەوى 28ى کانوونى یەکەمى 2023 بەردەوام دەبێت.
رۆژی 25ى کانوونى یەکەمى 2023، عەلاوى نیعمە بەنداوى، ئەندامى لێژنەى ئاسایش و بەگرى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى کە لە دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق دادەمەزرێندرێن لە نێوان 3500 بۆ 4000 کەس دەبن.
عەلاوى نیعمە بەنداوى گوتى، "ئەو کەسانەى مافیان هەیە داواکاریى پێشکێش بکەن سنووردار نەکراون کە خەڵکى کام پارێزگا دەبن، بۆیە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە و دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن، بەڵام سنوورى کارکردنیان لەلایەن دەزگاى دژەتیرۆرەوە دیاریدەکرێت".
بەگوێرەى رێنماییەکانى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق، دەبێت ئەو کەسەى داواکاریى دامەزراندن پێشکێش دەکات، لە کاتى پڕکردنەوە زانیارییەکانی نێو فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە، ژمارەى تەلەفۆنى خۆى بنووسێت و شوێنى نیشتەجێبوونى دیاری بکات.
بۆ پڕکردنەوەى ئەو فۆڕمى دامەزراندنە، پێویستە بەڵگەنامەکانی وەک کارتى نیشتمانى یان ناسنامەى بارى کەسێتى و بەڵگەنامە پێویستەکانى دیکە هاوپێچ بکات.
بەگوێرەى مەرجەکانى دژە تیرۆرى عێراق، دەبێت پێشکێشکار لە دایک و باوکێکى عێراقى بێت، تەمەنى لە 18 ساڵ کەمتر و لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت و ئەو تەمەنە بەگوێرەى رۆژى پێشکێشکردنى داواکارییەکە دەبێت و مەرجى توانستى جەستەیی تێدا بێت و بە تاوانى شەرەف یان مادەى هۆشبەر و ئەو تاوانانەى کە پەیوەندیدارن بە زیانگەیاندن بە ئاسایشى وڵات، سزا نەدرابێت، لانیکەم بڕوانامەى سەرەتایی هەبێت.
دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق ئاشکریکردووە، لە دواى وەرگرتنى فۆڕمەکان بەشێوەى تیروپشک ناوى پێشکێشکارەکان هەڵدەبژێردرێن بۆ دامەزراندنیان و لە رێگەى کورتەنامەى مۆبایلەوە ئەو کەسانە ئاگادار دەکرێنەوە کە وەردەگیرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ