رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر سنووری نێوان عێراق- سووریا رایگەیاند، هەموو رۆژێک چاودێری بەرەوپێشچوون و رووداوە جیاوازەکان دەکەن و هێزە ئەمنییەکان و سەربازەکانیان دەتوانن عێراق بپارێزن و بە چەکدارانی داعشی گوت: "ئێمەتان تاقیکردەوە و سەرکەوتوو نەبوون، دووبارە ئێوە لەم شەڕەدا شکستدەهێنن."
رۆژی چوارشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە یاوەری جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ، سەردانی سنووری عێراق –سووریای کرد لە قەزای شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا و لەگەڵ بەرپرسانی سوپای عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، "دەبێت داعش باجی هەموو ئەو دەبەنگییانە بداتەوە کە ئەنجامی داون."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان پەیامێکی ئاڕاستەی داعش کرد و گوتی، "تاقیمان نەکەنەوە، زۆر هەوڵتاندا و شکستانهێنا، زۆر هەوڵی دیکە دەدەن و دووبارە شکستدەهێنن، باش دەزانن ئێمە بە دوای ئێوەوەین، باش دەزانن خوێنی هەر عێراقییەک بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە."
بەگوێرەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کازمی بە فەرماندە سەربازییەکانی گوتووە: "پێویستە پلانی خۆتان هەبێت و بە بەردەوامی کاربکەن، ئەم سنوورە بۆ ئێمە و بۆ دوژمنانیش زۆر گرنگە، تواناکانتان بخەنەگەڕ و کار بکەن بۆ پاراستنی."
عێراق بە درێژایی نزیکەی 600 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ سووریا. دوای ئەوەی کە چەکدارانی داعش هەفتەی رابردوو هێرشیانکردە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە و بەشێک لە داعشە زیندانییەکان هەڵاتن، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی وەکو مەترسییەک بۆسەر عێراق لێکدانەوەیان بۆ دۆخەکە کرد، چونکە ئەگەری هەیە ئەو چەکدارانە خۆیان دەربازی عێراق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ