رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە بەغدا لەگەڵ شاندی پارتی و یەکێتی کۆبووەوە و داوای لێکردن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون. ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەش دەڵێت، پێشنیاز کراوە پۆستی وەزیری دەرەوە بۆ پارتی و سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26-01-2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی ژمارە 260ـی خۆیدا لە بەغدا، بە جیا میوانداریی هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ تاوتوێکردنی پرسی سەرۆککۆمار.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوێی لە دیدگای هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی گرتووە و داوایان لێکردوون "بگەنە رێککەوتنێک کە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئاسان بکات و پابەندی کاتی دەستووری بن."
فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی (کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستپێشخەرییەکی خستووەتەڕوو کە تێیدا پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق لای فوئاد حوسێن بمێنێتەوە و پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە، "یەکێتی دەستپێشخەرییەکەی قبووڵ کردووە، بەڵام هێشتا پارتی رەزامەندیی لەسەر نەداوە." ئاماژەی بەوەشکرد کە دەستپێشخەریەکە پەیوەندیی بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە.
جبووری ئاماژەی بە بەربەستێکی دیکە کرد لە بەردەم ئەو پێشنیازە و گوتی، هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"یش داوای پۆستی وەزیری دەرەوە دەکات.
سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیار بوو سبەی بەڕێوەبچێت، فەهد جبووری بە رووداوی گوت: "دواخستنەکە لەسەر داوای لایەنی کوردی بووە."
ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە باسی لەوەشکرد، لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەندێک هێزی سوننەدا هەوڵێک هەیە بۆ رەتکردنەوەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
پێشتریش فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکرێت.
بەگوێرەی مادەی 70ـی دەستووری عێراق، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت.
پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و تاوەکو ئێستا لایەنە کوردییەکان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێنەکەوتوون؛ پارتی فوئاد حوسێن و یەکێتیش نزار ئامێدی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ