رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی بەدر رایدەگەیێنێت، لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر تاران، ئەوان لە سەنگەری پشتگیریکردنی ئێراندا دەبن و دەڵێت: "ئەمە جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە و جێگەی بێلایەنی تێدا نابێتەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 26-01-2026، نووسینگەی رێنمایی عەقیدەیی لە رێکخراوی بەدر، کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، راگەیێندراوێکی بەناوی "پاڵپشتی و سەرخستن" بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتگیریکردنی دۆزی فەلەستین، ئێستا تاران رووبەڕووی هەڕەشە و هەوڵی تێکدان دەبێتەوە."
رێکخراوی بەدر لە پەیامەکەیدا جەخت لە "پشتگیریی نەگۆڕ" بۆ سەرکردایەتی و گەلی ئێران دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەوەی ناوی ناوە "سەرهەڵدانی لووتبەرزیی ئەمریکی - ئیسرائیلی". هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو گوشارانەی ئێستا هەن، "درێژکراوەی پڕۆژەی لووتبەرزیی جیهانین بۆ لاوازکردنی میحوەرەکەیان."
سەبارەت بە هەڵوێستیان لەو گرژییانە، رێکخراوەکە دەڵێت: "ئەوەی ئێستا روودەدات تەنیا رووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە لەنێوان بەرەی حەق و ناحەق، بۆیە هیچ شوێنێک بۆ بێلایەنی، دوودڵی و بێدەنگی نەماوەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، رێکخراوی بەدر داوا لە کادر و لایەنگرانی دەکات، هۆشیاریی عەقیدەیی خۆیان بەهێز بکەن و لە دەوری "سەرکردایەتییە حەکیمەکە" کۆببنەوە، هاوکات داوای رەتکردنەوەی هەر هەوڵێکی "فیتنە و دووبەرەکی" دەکەن.
ئەم هەڵوێستەی رێکخراوی بەدر لەکاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە زیادبووندایە و میدیای ئیسرائیلیش دەڵێن، لە هەفتەی رابردووەوە ئەمریکا ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران چڕکردووەتەوە و کەشتیی جەنگی بەرەو ناوچەکە جووڵاندووە.
دوێنێ یەکشەممەش، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق داوای لە ئەندام و لایەنگرانی کرد، خۆیان ئامادە بکەن بۆ "جەنگێکی گشتگیر" بۆ پاڵپشتی و هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە دژی ئێران کردبوو وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی خۆپێشاندەران، بەڵام دوای ئەوەی تاران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانە پلان بۆ داڕێژراوەکانی راگرت، وا دەردەکەوێت ترەمپ لەو هەڕەشانە پاشەکشەی کردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ