رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 80 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل ماون و بەگوێرەی رێککەوتنی پێشوویان لەگەڵ هەسەدە، دەبوو سەرەتای مانگی شوبات بگەڕێنەوە.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، نزیکەی 80 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل ماون کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و خۆویستانە داوای گەڕانەوەیان کردووە وەک دوایین کاروانی عێراقییەکانی نێو ئەو کەمپە.
کەمپی هۆل کە لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، لە 21ی کانوونی دووەمی 2026 کەوتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، پێشتر رێککەوتنیان لەگەڵ هەسەدە بەو جۆرە بوو کە دوایین کاروانی عێراقییەکان لە سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوو بگەڕێندرێنەوە عێراق، بەڵام بەهۆی دۆخی نوێی کەمپەکەوە رۆژی گەڕانەوەیان دیار نییە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەو نێوەندەدان بۆ ئەو پرسە.
عێراقییەکانی ئەو کەمپە کەسوکاری چەکدارانی داعشن، دوای وردبینی لە دۆسیەکانیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە نەینەوا بۆ شیاندنەوەیان، بەر لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ