تۆم باراک: پێکهێنانی حکومەتێک بۆ عێراق لەسەر بنەمای پێکەوەکارکردن کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە جەختی کردەوە کە گرنگە حکومەتی داهاتووی عێراق لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ دراوسێکانی و هاوبەشە رۆژئاواییەکانی بەردەوام بێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتوو بەربژێر کرد.
 
بە ئاماژەکردن بە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کە هاوکات نێردەی واشنتنە بۆ کاروباری سووریا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "پێکهێنانی حکومەتێک بۆ عێراق کە لەسەر پێکەوەکارکردن لەگەڵ دراوسێکانی و رۆژئاوا بەردەوام بێت، کلیلی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ناوچەکەیە."
 
ئەم قسەیە لە کاتێکدایە جموجووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادیان کردووە، لەنێویاندا ستایشکردنی رۆڵی بەغدا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەڕێوەبردنی دۆسیەی چەکدارە دەستگیرکراوەکان.
 
رۆژی شەممە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی— کە فراکسیۆنی شیعەکانە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە— بە فەرمی مالیکی بەربژێر کرد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، دوای ئەوەی سوودانی لە کێبڕکێکە کشایەوە. مالیکی لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 بۆ دوو خول سەرۆکوەزیران بوو.
 
ئەو سیاسەتڤانە تەمەن 74 ساڵە کە هێشتا کاریگەریی بەرچاوی لە عێراق هەیە و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیە، بەپێی راگەیێندراوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەهۆی "ئەزموونی سیاسی، توانای بەڕێوەبردن و تۆماری رابردوویەوە" دەستنیشان کراوە.
 
بەڵام بەرپرسێکی رەوتی حیکمە، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنانەت لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیشدا، کۆدەنگی لەسەر مالیکی نەبووە. 
 
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)دا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان و لایەنێکی دیکەش تێبینیان لەسەر مالیکی هەیە. روونیشیکردەوە: "تێبینیی ئێمە لەسەر کەسایەتیی بەڕێز مالیکی نییە و کێشەی کەسیمان نییە، بەڵکو تێبینیمان لەسەر شێوازی کارکردن و کارە لەپێشینییەکانییەتی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لەم قۆناخەدا".
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی نوێی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێ دوای ئەوە وەک بەشێک لە رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت، کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رابسپێردرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، شەوی رابردوو، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سوودانی؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوەتە لایەنەکانی عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و گوتوویەتی، حکومەتێک لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کرابێت، ناتوانێ هاوبەشیی نێوان بەغدا و واشنتن پێشبخات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مارکۆ روبیۆ "ستایشی دەستپێشخەری و سەرکردایەتیی حکومەتی عێراقی کردووە" لە پەلەکردن لە گواستنەوە و دەستبەسەرکردنی "تیرۆریستانی داعش" لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق.
 
روبیۆ هەروەها گوتوویەتی: "حکومەتێک لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ بکرێت، ناتوانێ بە سەرکەوتوویی بەرژەوەندییەکانی عێراق لەپێشینەدا دابنێت، یان عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێ."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، حکومەتێکی لەو شێوەیە ناتوانێ ئەو هاوبەشییە بەرەوپێش ببات کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا و لەنێوان ئەمریکا و عێراقدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە