رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق "رەتکردنەوەی تووندی" خۆی بە رووسیا راگەیاند بۆ پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ نێو سوپای ئەو وڵاتە و دەڵێت، یاسای عێراقی سزای بۆ ئەو کارە داناوە. بریکاری وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت: "رێگە نادەین عێراقییەکان ببنە سووتەمەنیی شەڕێک کە پەیوەندی بەوانەوە نییە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کۆبووەتەوە. هەرچەندە باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کراوە، بەڵام تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی "پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ ناو سوپای رووسیا" بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەحرولعلووم پەیامی بەغدای گەیاندووەتە مۆسکۆ و "رەتکردنەوەی تووندی عێراق"ی بۆ هەر هەوڵێکی ناونووسکردنی گەنجانی عێراقی لە ریزی سوپای رووسیا یان هەر سوپایەکی دیکەی بیانی دەربڕیوە.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە باڵیۆزی رووسیای راگەیاندووە: "یاسای عێراقی ئەم کارە وەک تاوان دەناسێنێت و سزای بۆ داناوە". جەختیشی کردووەتەوە، پاراستنی هاووڵاتییان لەوەی "بخرێنە ناو ململانێ و شەڕی وڵاتانی دیکە" لە کارە لەپێشینەکان و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی حکومەتی عێراقە.
لای خۆیەوە، ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، بەبێ ئەوەی وردەکاریی وەڵامی مۆسکۆ بۆ داواکارییەکەی عێراق بخاتەڕوو، تەنیا ستایشی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی عێراقی کردووە و ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی نیشانداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 14-01-2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بە فەرمی داوایان لە ئۆکراینا و رووسیا کردووە ئەو عێراقییانەیان رادەست بکەنەوە کە لە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەشدارن.
پێشتریش لە 24-12-2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "سەدان عێراقی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەشدارن و لیژنەیەکمان بۆ گەڕاندنەوەیان پێکهێناوە".
بەگوێرەی یاساکانی عێراق، بەشداریکردن لە شەڕی وڵاتانی دیکە سزای هەیە. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو: "یاسای سزادانی عێراق سزای بەندکردنی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە پەیوەندی بە هێزی چەکداری دەوڵەتێکی دیکەوە دەکەن بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ