رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، بڕینی قیستی مانگانەی سلفە و قەرزەکانی سەر مووچەخۆران و خانەنشینان بۆ ئەم مانگە رابگیرێت. بڕیارەکە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت دەگرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە بانکی ناوەندیی عێراق کردووە کە سەرجەم بانکە حکومی و ئەهلییەکان ئاگادار بکاتەوە، بڕینی قیستی مانگانەی سلفە و قەرزەکان لەسەر مووچەخۆران و خانەنشینان رابگرن.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەم مانگەیە و مەبەست لێی کەمکردنەوەی باری دارایی سەر شانی هاووڵاتییانە لە مانگی رەمەزاندا، بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە تەواوی مووچەکانیان وەربگرن بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی وەک قیستی سلفەیان لێ ببڕدرێت.
بەپێی بڕیارەکە، هەر فەرمانبەر یان خانەنشینێک لە هەر بانکێکی حکومی یان تایبەت سلفەی وەرگرتبێت، بۆ ئەم مانگە هیچ بڕە پارەیەکی لێ وەرناگیرێت و قیستەکەی بۆ مانگەکانی داهاتوو دوادەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ