سەدر: رەمەزان کەریم بنەمای نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە نوێترین پەیامیدا رەخنە لە چەند ئاکارێکی باوی مانگی رەمەزان دەگرێت و رایدەگەیێنێت، ئەو کارانە بنەمایەکی شەرعی و ئایینییان نییە. داواش دەکات لەجیاتی "رەمەزان کەریم" دەستەواژەی دیکە بەکاربهێندرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 26-02-2025، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە گوتی، "رەمەزان کەریم" لە قورئان و سوننەتدا نەهاتووە. دەشڵێت: "خەڵک ئەم سیفەتەیان کردووەتە دەرگایەک بۆ ئیسراف و زیادەڕۆیی لەسەر خۆیان و رەزیلیکردن بەرامبەر هەژاران."
 
سەدر پێشنیاز دەکات لەجیاتی ئەو دەستەواژەیە بگوترێت: "مانگی رەمەزان پیرۆز بێت" یان "خودا رۆژوو و نزا و تەبایی نێوانتان قبووڵ بکات."
 
سەبارەت بە بەخەبەرهێنانی خەڵک بۆ پارشێو، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوە عادەتێکی عوسمانی یان فاتیمییە و هیچ بنەمایەکی لە قورئان و فەرموودەدا نییە. رەخنەی تووندیشی لەوانە گرت کە بە موزیک و سەما خەڵک بەخەبەر دەهێنن و گوتی: "ئەوە کارێکی حەرامە و دەبێتە هۆی بێزارکردنی منداڵ، نەخۆش و بەساڵاچووان."
 
سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە یاریی ئەنگوستیلە (محێبس) و کات بەسەربردن لە کافتریایەکان لە شەوانی رەمەزاندا کرد و رایگەیاند، ئەو یارییانە ئەگەر بەبێ پارە و گرەو بن، لە رووی فقهییەوە دروستن، بەڵام "لە رووی ئەخلاقییەوە رێگرییان لێکراوە، چونکە مرۆڤ لە یادی خودا و پەرستش دووردەخەنەوە."
 
لەو بارەیەوە سەدر ئاماژەی بە فەتوایەکی باوکی (محەممەد محەممەد سادق سەدر) کردووە و جەختی کردووەتەوە کە مانگی رەمەزان مانگی زیادکردنی پەرستشەکانە، نەک کات بەسەربردن بەو کارانەی مرۆڤ لە خودا دووردەخەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە