رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکانی دەستپێدەکاتەوە و دەنگ لەسەر ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکان دەدات.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممەى، 1ـی ئادار ئەنجامدەدرێت.
بەگوێرەی خشتەکەى، ئەو دانیشتنە دوو بڕگەیە یەکەمیان دەنگدان لەسەر ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و ئەوی دیکەیان گفتوگۆی گشتییە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: سەرۆکی فراکسیۆنەکان ناوی ئەندامەکانیان ناردووە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە بۆ کام لیژنە پێشنیازیان دەکەن و لەو کۆبوونەوەیەدا دەنگی لەسەر دەدرێت.
پەرلەمانی عێراق 22 لیژنەی هەمیشەیی هەیە کە پەرلەمانتارەکانى بەسەردا دابەش دەکرێن.
سروە محەمەد رایگەیاند: دەنگدان بە ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکان بۆ ئەوەیە کارەکانیان دەستپێبکەن و تا ئەو کاتەی سەرۆکی لیژنە و جێگرانی هەڵدەبژێردرێن، لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی لیژنەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، نابێت هیچ لیژنەیەک لە 7 ئەندام کەمتر و لە 21 ئەندام زیاتر بێت و هەر پەرلەمانتارێکیش نابێت ئەندام بێت لە زیاتر لە دوو لیژنەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ