رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی سادقوون، کە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە، رایگەیاند کە ئەحمەد موحسین درێول، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننای لە ریزەکانی دوورخستووەتەوە و چیدی نوێنەرایەتیی ئەوان ناکات.
رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە پەیڕەو، پرەنسیپ و بڕیارەکانی بزووتنەوەکەوە، بڕیاردراوە ئەحمەد موحسین درێول، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننا لە ریزەکانیان دووربخرێتەوە.
بزووتنەوەی سادقوون لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە ئەو کەسە لە دەرەوەی رێکخستنەکانیانە و چیدی نوێنەرایەتیی ئەوان ناکات. هاوکات بزووتنەوەکە پشتگیریی خۆی بۆ "هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی" لە پارێزگای موسەننا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پابەندن بەو رێککەوتنانەی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان واژۆ کراون.
ئەم بڕیارەی سادقوون دوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەکە ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئەو رێکارانە دەربڕی کە لە دوایین دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننادا گیرابوونەبەر.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننا کۆبووەوە و رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی موهەند عەتابی، پارێزگاری موسەننایان پەسند کردووە و ئەحمەد مەنفی جۆدەیان وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
بەڵام موهەند عەتابی رەتیکردەوە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردبێت و رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، فەرمانێکی سالاری لە دادگەی هێناوە بۆ راگرتنی رێکارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی تاوەکو ئەو کەیسە بە تەواوی یەکلایی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ